کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: ترامپ بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران بژاردەی سەربازییشی لەبەرچاو گرتوە

10:29 - 23 بەفرانبار 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکاران و بەرپرسانی تیمی ئەمنییەتیی وڵاتەکەی، بژاردەکانی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران تاوتوێ بکات. کۆشکی سپی ڕایگەیاندوە یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان گورزی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامییە.

کارۆلین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار لە لێدوانێکدا بۆ "فاکس نیووز" تیشکی خستە سەر بەربڵاویی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری ئاستی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ترسی ڕێژیمی تاران لە ئەگەرەکانی داهاتوو، و لەو بارەوە ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی چەند پەیامێکی نهێنیی بۆ واشینگتۆن ناردوە کە زۆر جیاوازترە لەو لێدوانانەی لەسەر میدیاکانەوە دەیدەن".

لیویت بە ئاماژەدان بە دوورەدیمەنی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترامپ لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازییەوە گوتی: "ئەگەری هەموو شتێک لە ئارادایە و ترامپ ترسێکی لە هێرشی سەربازی نییە".

وتەبێژی کۆشکی سپی نەیشاردەوە سەرۆککۆماری وڵاتەکەی نایهەوێت چیتر کوژرانی خەڵکی ناڕازی ئێران ببینێ و چۆنیەتیی دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەخۆڕایی ئینتیرنێتی ستارلینک بە خەڵکی ئێران کە هەموو دەرگایەکی پێوەندییان بە ڕوودا داخراوە، باسێکی دۆناڵد تڕامپ لەگەڵ ئیلان ماسک بووە.