لە ماوەی ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، چەندین هاووڵاتی کورد لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لە ڕەوتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدار و سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا" رۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە "چەناران"ی خۆراسانی ڕەزەوی، چوار هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی "ڕوحوللا ستارەموشتەری"، "مەهدی وەلیدووست"، "مەهدی قورباندووست" و "مورتەزا جەهانبەخش وەرانلو"، بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید کراون.
لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە کرماشان، "یاسین میرزایی قەڵعەزەنجیری"، خوێندکاری یارسانی کورد کە لە وڵاتی ئیتالیا گەڕاوەتەوە، لە گەڕەکی "دەڕەدرێژە" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید بووە. هەروەها "نەوید سالحی" پەرستاری ٢٤ ساڵەی خەڵکی پاوە و "ئەمیرعەلی حەیدەری جەعفەرئابادی" منداڵێکی ١٧ ساڵەی خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید بوون.
هەروەها لە شاباد، "هۆلاکو ئەیوانی" وەرزشکاری کورد، لە قشم "ئاکۆ محەمەدی" ٢٢ ساڵەی خەڵکی سەلاسی باواجانی، لە زەرنەی ئیلام "موبین فەیلی" ٢١ ساڵە، لە تاران "دیار پورچەهریق" خەڵکی ئاوایی "پتەوێر"ی سەڵماس و "ئیبراهیم ئەحمەدپووریان" خەڵکی سەقز، هەموویان لە هەمان ڕۆژدا یان پاش برینداربوون، بە هۆی تەقە هێزە سەرکوتکارەکان شەهید بوون.
کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ئاماژە بە شەهیدکرانی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بەناوی "حوسێن شێڕکوڵ"، خەڵکی "زەڕینئاوای" دێهلۆران لە ڕەوتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە ئیسفەهان دەکات. شایانی باسە کە زۆربەی ئەم شەهیدانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و فیشەکی جەنگی ئەنجام دراون و بەهۆی پچڕانی ئەنتێرنێت و نەبونی زانیاری وردتر، بەراورد دەکرێ کە ژمارەی ڕاستەقینەی شەهیدان و برینداران و دەسبەسەرکراوان زۆر زیاتر لە ئامارە بڵاوکراوەکان بێت.