کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئەحمەدڕەزا ڕادان لە دۆناڵد ترامپ

11:17 - 23 بەفرانبار 2725

ئەحمەدڕەزا ڕادان، فەرماندەی هێزی سەرکوتگەری ئینتیزامیی ڕێژیم لە کاردانەوە بە قسەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ئەگەری پەلاماری سەربازیی دژی ڕێژیمی تاران، هەڕەشەی پێچەوانەی لە بەرپرسانی ئەمریکا و سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کردووە.

ئەحمەدڕەزا ڕادان لە بەرنامەیەکی خەبەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا ڕایگەیاند: ترامپ جارێک هەڵەیەکی کرد و وڵامەکەشی وەرگرت، بەڵام ئەگەر دووبارە بکاتەوە وەک خۆی لێ نایەتەوە. هەڕەشەی ڕادان لە تڕامپ لە کاتێکدایە سەرۆککۆماری ئەمریکا لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبارەوە، چەندین جار پشتیوانیی وڵاتەکەی لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک لە دژی ڕێژیمی تاران و بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە لەوانەش خامنەیی، دەربڕیوە.

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانبارەوە بە داخرانی بازاڕی گەورەی تاران دەستی پێ کرد، هەتا ئێستا ١٢٠ شاری گرتووەتەوە و لە بەردەوامیی سەرکوتی خۆپێشاندانەکاندا هەتا ئێستا ٥٤٤ کەس لە خەڵک کوژراون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.