کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی ئاماری کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکانی ئێران بۆ ٦٤٨ کەس

11:42 - 23 بەفرانبار 2725

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان لە ئێران ژمارەی کوژراو و بریندارەکان کە ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ریژیمەوە دەدرێنە بەر فیشەک هەر دێ و زیاد دەکا.

ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" لە ڕاپۆرتێکدا کە دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاندووە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٦٤٨ خۆپێشاندەر لە ١٤ پارێزگا کوژراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە نێوان کوژراواندا بەلانی کەم ٩ منداڵی خوار ١٨ ساڵ هەن و زۆربەی قوربانییەکان تەمەنییان کەمتر لە ٣٠ ساڵە. ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لەو خۆپێشاندانانەی دوایی، سەدان کەس بریندار بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار ناڕازی دەسبەسەرکراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندوە هەواڵە پشتڕاست نەکراوەکان باس لە کوژرانی تەنانەت هەزاران کەس دیکە دەکەن، بەڵام بڕینی یەکجاریی ئینتەرنێت لە شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبارەوە، ڕێگەی پشکنینی سەربەخۆ و راستی‌ئازمایی ئەم ژمارانەی زۆر سەخت کردووە.

زانیارییەکانی "نێت‌بلاکس" ئاشکرای دەکەن کە نزیکەی سەتا ٩٩ی ئینتەرنێتی ئێران لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار لە دۆخی "کوژانەوەی دیجیتاڵ"دایە؛ دۆخێک کە دوایین جار لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ تاقی کرا کە ١٥٠٠ کەسی تێدا کوژران.