کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری ئاڵمان: ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی خۆی

12:43 - 23 بەفرانبار 2725

لە هەڵوێستێکی بێوێنەدا کە نیشاندەری گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا، "فریدریش مێرتس"، ڕاوێژکاری ئاڵمان، کۆتایی دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند. ناوبراو بە ڕاشکاوییەکی کەم‌وێنە ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران بە کردەوە گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی خۆی. من پێم وایە کە ئێمە ئێستا شایەتی دوایین ڕۆژەکان و هەفتەکانی ئەم ڕێژیمەین."

ئەم لێدوانە یەکلاکەرەوەیە، تەنیا دوای ماوەیەکی کورت لە هەڵوێستی توندی وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بڵاو دەبێتەوە کە تێیدا، حکوومەتی ئێرانی بە هۆی نەبوونی پشتیوانیی جەماوەرییەوە، بە "نایاسایی" و "ناڕەوا" ناو بردبوو.

شیکەرەوە سیاسییەکان لەو بڕوایەدان ئەم ئاستە لە ڕاشکاوی لە لایەن بێرلینەوە، چرایەکی سەوزە بۆ توندکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان، لەوانە گەمارۆ بەربڵاوەکان، بۆ پشتیوانی لە ئیرادەی خەڵکی ئێران. بە نایاسایی ناساندنی حکوومەت لە لایەن یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئورووپاوە، پێ دەنێینە قۆناغێکی نوێ لە گۆشەگیریی دیپلۆماتیک بۆ تاران کە دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکاریی بنەڕەتی بێت لە ڕۆژانی داهاتوودا.