کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی؛ داوا دەکرێت ڕێژیم بە ناشەرعی بناسرێت و سوپا بخرێتە لیستی تیرۆرەوە

17:01 - 23 بەفرانبار 2725

 

لە دوای توندبوونەوەی سەرکوت و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە ئێران، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئورووپی و نێودەوڵەتی بە هەڵوێستی ڕاشکاو، داوایان کرد کۆمەڵگەی جیهانی بە توندی بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە.

مارگۆت واڵسترۆم، سیاسەتمەداری دیاری سویدی، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕایگەیاند کە ئاڵمان و ئوسترالیا بە ئاشکرا جەختیان کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە لای خەڵکی خۆی هیچ شەرعییەتێکی نییە. ئەو بە ئاماژەدان بە پێویستیی هاودەنگیی جیهانی زیادی کرد: «دەبێ باقیی جیهانیش هەمان شت بڵێن.» واڵسترۆم هەروەها داوای لە حکوومەتی سوید و یەکێتیی ئورووپا کرد کە بەبێ دواکەوتن ئەم هەڵوێستە بگرنە بەر.

ناوبراو جەختی کردەوە کە یەکێتیی ئورووپا دەبێ دەستبەجێ سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، باڵیۆزەکانی لە ئێران بکشێنێتەوە و ڕێگەچارەی کردەیی بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت بدۆزێتەوە.

هاوکات، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا، لە کاردانەوە بە گۆڕانکارییەکانی ئێران ڕایگەیاند: «زیادبوونی ژمارەی کوژراوان لە ئێران ترسناکە.» ئەو بەکارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر و سنووردارکردنی بەردەوامی ئازادییەکانی بە توندی شەرمەزار کرد و وەبیری هێنایەوە کە پێشتر یەکێتیی ئورووپا هەموو سوپای پاسدارانی خستووەتە نێو چوارچێوەی سزاکانی مافی مرۆڤی خۆیەوە.

فۆن دێر لاین هەروەها باسی لە ئامادەیی یەکێتیی ئورووپا بۆ سەپاندنی سزای نوێ کرد و وتی بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ کایا کالاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئورووپا، بە خێرایی سزای زیاتر دژی بەرپرسانی سەرکوت پێشنیار دەکرێت. ئەو جەختی کردەوە: «ئێمە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین کە ئازایانە بۆ ئازادیی خۆیان هەنگاو دەنێن.»

ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا دەردەبڕدرێن کە گوشارە دیپلۆماسی و یاسایییەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ڕوو لە زیادبوونە و داواکاری بۆ هەنگاوی کردەییتر لە لایەن یەکێتیی ئورووپاوە، بەتایبەت بەرامبەر بە سوپای پاسداران، زیاتر لە هەمیشە بووەتە چەق و مەکۆی سەرنجەکان.