کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ لە کوشتاری خۆپێشاندەران لە ئێران

10:18 - 24 بەفرانبار 2725

سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دیدەبانی مافی مرۆڤ، لە هەواڵێکی ڤیدیۆیی بە توندی سەرکوتی خوێناویی ڕاپەرینی سەراسەری ئێرانی مەحکووم کرد و داوای دەستێوەردانی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد.

"فیلیپ بۆلوپیۆن"، بەڕێوبەری جێبەجێکاری دیدەبانی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران بە پچڕاندنی تەواوی ئینتێرنێت و بڕینی ڕێڕەوی زانیاری، هەوڵ دەدات تا ئاستی تاوانەکانی خۆی بشارێتەوە.

بۆلوپیۆن بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەم سانسۆرە بێ‌سنوورە، ڕێکخراوەکەی ڕاپۆرتی زۆر نیگەرانکەر لە کوشتاری فراوانی ناڕازییانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە وەرگرتووە.

بۆلوپیۆن هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دۆخی هەزاران کەسی دەسبەسەرکراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاگەیاند و وتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین بۆ ئەوانەی کە تازە دەسبەسەر کراون، چونکە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە تۆمەتێکی وەک "موحاربە" تاوانبار کراون کە لە یاسای ئێراندا سزای سێدارەی بەدوادا دێت".

ناوبراو دۆخی ئێستای ئێرانی بە بارودۆخی نائاسایی ناو برد و داوای کرد دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگیی خۆیان بشکێنن و وتی: "داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەکەین کە بە خێرایی ئەم بابەتە تاوتوێ بکەن و پەیامێکی توند و ڕوون بۆ ڕێبەری ڕێژیم بنێرن کە ئەوان وڵامدەر دەکرێن".

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران هۆشدارییان داوە کە لەگەڵ یەکێک لە خوێناویترین و تاریکترین قۆناغەکانی سەرکوت لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەوڕووین کە تێیدا ڕێژیم بە ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییان هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات.