ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ بڕینی ئینتێرنێت و پچڕانی پەیوەندیی خەڵکی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە، لە هەوڵی دامەزراندنی پڕۆژەیەکی نوێ بۆ ئەگەری پچڕاندنی ئینتێرنێت بۆ ماوەیەکی درێژە.
ڕێژیمی ئێران پرۆژەیەکی ئەمنی و تێکنۆلۆژی دەست پێ کردووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەو پرۆژەیە، دامەزراندنی "کلاودی نیشتمانی" لەسەر پلاتفۆرمی کۆمپانیای چینیی هۆواویە.
ئەم پرۆژەیە تا ئاستێکی زۆر لە پرۆژەی "ئەبەر ئاروان" گەورەترە و بڕیارە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، وەک ماشینە مەجازییەکان، بەستێنی بانکی و پارەدان و هەروەها ژێرخانە سەرەکییەکان لەسەر ئەم پلاتفۆرمە پێشکەش بکرێن.
ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی ئەمنی و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای ئەبەر ئاروان، لەلایەن کۆمپانییایەک بە ناوی "ئایەندەئەفزای کەرانە"وە جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها کۆمپانیای چینیی هۆواوی بەشێوەی نهێنی هەموو ئامێرە پێویستەکانی پرۆژەکەی دابین کردووە.
تێچووی گشتیی ئەم پرۆژەیە لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک میلیارد دۆلار بەروارد دەکرێ و هەموو ئامێرەکان لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و لە ٢٤ کانتینەرەوە لە چینەوە هاتوونەتە ناو ئێرانەوە.
مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ و هەروەها باڵوێزی چین لە ئێرانیش سەردانی ئەو پرۆژەیان کردووە.
مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە دامەزراندنی ئەو پرۆژەیە کپکردنی دەنگی ناڕازییان و بڕینی پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ سەرکوتی زیاتر و کوشتاری هاووڵاتییانە.
شایانی باسە کە لە ڕەوتی خۆپێشاندانی ئەو دواییانەی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێراندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ١٠٠ کاتژمێرە کە هێڵەکانی ئینتێرنێت و تلفۆنی پچڕاندووە و لەو ماوە کەمەدا هەزاران هاووڵاتیی ناڕازیی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە کوشتووە.