کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێپەڕبوونی کات زیاتر دڕندەیی ڕێژیم دەر دەخات

11:07 - 24 بەفرانبار 2725

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و درێژەکێشانی ماوەی پچڕانی پێوەندییەکان، دڕندەیی ڕێژیم زیاتر لە پێش دەردەکەوێت و لایەنە جیاوازەکانی ئەم دڕندەییە بەشێوەی جیاواز لە ڕابردوو دەردەکەون.

بەپێی زانیارییەکان بە بڕیاری بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هێزە سەرکوتکەرەکان لە کەرەج بە چەکەوە چوونەتە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و تیری خەلاسیانیان بە بریندارەکانەوە ناوە.

زانیارییەکانی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار لە دوای دوو ڕۆژ بەربەرەکانێی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری کەرەج لەگەڵ هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سەرەڕای کوشتوبڕی سەدە نێوەڕاستیی ناڕازییان و شەهیدکرانی سەدان کەس، هێزەکانی ڕێژیم گەمارۆی نەخۆشخانەکانیان داوە و هەوڵی ڕفاندنی بریندارەکانیان داوە، لەو کاتەشدا ئەوەی پێیان نەکراوە بیڕفێنن بە تیری خەلاس کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.

هەندێک لە شایەتحاڵانی ئەو تاوانانەی ڕێژیم لە کەرەج باسیان لەوە کردووە کە زۆربەی هێزەکانی ڕێژیم بە زمانی عەرەبی قسەیان کردووە.

هەروەها شایەتحاڵێکی دیکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی ناڕەزاییەتییەکانی کەرەجدا زیاتر لە ٢ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.

ئەو شایەتحاڵە دڕندەیی هێزەکانی ڕێژیم لە کەرەجی بە تاوانە هاوشێوەکانی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان لە دەیەی شەستی هەتاویدا شوبهاندووە.

زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوژراوانی کەرەج کورد بوون.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ڕێژەی کوژراوان لە ئاستێکدایە کە نووسینگەی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم و ساردخانەکان داخراون و سەرەڕای پڕبوونی ساردخانەکان، دەرگای گوڕستانەکانیش داخراون و ڕێگە بە کەس نادەن سەردانی ئەو گۆڕستانانە بکات.

لە کاتی ناشتنی تەرمی کوژراواندا تەنیا ڕێگە بە یەک کەس لە ئەندامانی پلە یەکی بنەماڵەکانیان دەدرێت کە لەکاتی بەخاکسپاردندا بەشدار بن.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن لەنێو کوژراواندا ڕێژەیەکی بەرچاو لە کچان بەدی دەکرێن.