
ڕەحمان سەلیمی
ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا چووەتە قۆناغێکی قووڵی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە؛ قەیرانێک کە دەکرێت نیشانەکانی لە چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام، پەرەسەندنی نافەرمانیی مەدەنی و زیادبوونی بێ وێنەی کەلێنی نێوان کۆمەڵگە و پێکهاتەی دەسەڵاتدا ببینرێن.
لە هێندێک لە شارەکانی ئێراندا، دۆخی گشتی بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆز بووە و شەقام بووەتە مەیدانی دەرخستنی داواکارییە کەڵەکەبووەکان کە ساڵانێکە سەرکوت و نکۆڵییان لێ کراوە. ئەم ناڕەزایەتییانە، هەرچەندە لە داواکاریی هەمەجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی و شوناسییەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام بەدەر لە شێواز و فۆرمەکەی لە ناخی خۆیاندا هەڵگری خواستێکی بنەڕەتین؛ ئەویش کۆتاییهێنان بە سووڕی مێژوویی ستەمکارییە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، شێوازی ڕێکخراوتر لە نافەرمانیی مەدەنیش سەریان هەڵدا کە باس لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکە لە ئاستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات. مانگرتنی بەرفراوان لە سەدان شار لە کوردستان و ئازەربایجانەوە تا تاران ــ گورزێکی یەکلاکەرەوەی لە کۆڵەکەکانی ڕەوایی سیستەم دا.
بازاڕییەکان بە پشتگوێخستنی هەڕەشە ئەمنییەکان نیشانیان دا کە چیتر ''ئەمنییەتی ئابووری'' لە چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتەدا پێناسە ناکەن. پەیوەندیی ئۆرگانیکی نێوان خەباتی بژێوی و خەباتی سیاسی، دەسەڵاتی خستووەتە دۆخێک کە تەنانەت پشتبەستنی پەتی بە زەبری چەکداریش توانای کردنەوەی دەمارە سەرەکییەکانی نەماوە. لەم بوارەدا، کۆمەڵگە لە ئاستێک تێپەڕیوە کە ناتوانێت بگەڕێتەوە.
کاتێک میدیای فەرمیی سیستەمێک ئاگری تێ بەر دەدرێت و شارەکانی ــ هەرچەند بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت ــ لەلایەن ڕۆڵەکانی هەمان خاکەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بەڕێوە دەبرێن، ئەو سیستەمە نەک تەنیا لە مانا جێبەجێکارییەکەیدا، بەڵکوو لە ئاستی سیاسی و ئەخلاقیشدا تووشی داڕمان دەبێت.
درووشمی «نە بەیتمان دەوێت، نە دەربار» دەربڕینێکی پوختەی ئەم ئاگاییە بەکۆمەڵەیە؛ ڕەتکردنەوەی هاوکاتی ستەمکاریی ئایینی و دەسەڵاتی پاشایەتی و نەفیکردنەوەی هەرجۆرە بەرهەمهێنانەوەیەکی پەیوەندییەکانی ئاغا و ڕەعیەتە.
هەر بۆیە، ئێرانی ئەمڕۆ نەک بە دوای گۆڕینی ئاغادا، بەڵکوو بە دوای هەڵوەشاندنەوەی گشتیی سیستەمی ئاغا و ڕەعیەتدایە؛ چ لە بەرگی مێزەردا بێت و چ لە قالبی تاجدا. ئەم ڕاپەڕینە کە زیاتر لە سەد شاری گرتووەتەوە، نیشانی دەدات کۆمەڵگەیەک کە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، چیتر مل بۆ بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆری ــ تەنانەت بە ڕوخسارێکی بەناو «سێکیۆلار»یش ــ نادات.
لەگەڵ ئەوەشدا، بۆشایی بەدیلێکی دێموکراتیک، گشتگیر و ڕێکخراو، زەمینەی بۆ شەپۆلسواریی ڕەوتگەلێک خۆش کردووە کە نە تەنیا پەیوەندییان بە ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییەوە نییە، بەڵکوو پڕۆژەی سیاسیی ئەوان شتێک نییە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتخوازی.
ڕەوتی پاشایەتیخواز، وەک یەکێک لە دیارترین نموونەکان، هەوڵ دەدات بە دەستبەسەرداگرتنی تووڕەیی گشتی و بچووککردنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ نۆستالژیای «دەسەڵاتێکی لەدەستچوو»، جارێکی دیکە چڕکردنەوەی دەسەڵات، سڕینەوەی دەنگە جیاوازەکان و نکۆڵیکردن لە فرەیی کۆمەڵایەتی بە ڕەوا نیشان بدات.
ئەزموونی مێژوویی ئێران بە ڕوونی نیشانی داوە کە پڕۆژەگەلێکی وا هەمیشە سەرکوتی سیستەماتیکی نەتەوەکان و پەراوێزەکانی بەدواوە بووە. بۆ ئێمەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئێران، گەڕانەوەی هەر شێوازێک لە حکوومەتی ناوەندگەرا و دەسەڵاتخواز ــ بەدەر لەوەی لە بەرگی ئاییندا دەردەکەوێت یان پاشایەتی ــ بە مانای بەردەوامیی نکۆڵیکردن لە شوناس، سڕینەوەی سیاسی و سەرکوتی داواکارییە بەکۆمەڵەکانە.
پاشایەتیخوازی، هەروەکو شێوازەکانی دیکەی دیکتاتۆری، نە وەڵامێکی بۆ پرسی دێموکراسی پێیە و نە چارەسەرێک بۆ ژیانی یەکسانیی نەتەوەکان؛ بەڵکوو بە دوای چڕکردنەوەی دووبارەی دەسەڵاتە لە دەستی کەمینەیەکی سنووردار و بەرهەمهێنانەوەی نەزمی نایەکسانی ڕابردوو لە شێوەیەکی نوێدا.
ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، ئەگەر بڕیار بێت بگەنە ڕزگاری، ناکرێت تەنیا بە گۆڕینی ڕوخساری دەسەڵات قەناعەت بکەن. کێشەی سەرەکی، تێپەڕینە لە لۆژیکی دیکتاتۆری؛ لۆژیکێک کە تێیدا «ناوەند» بڕیار دەدات و «پەراوێز» سەرکوت دەکرێت.
داهاتووی ئێران تەنیا کاتێک دەتوانێت دێموکراتیک و سەقامگیر بێت کە لەسەر بنەمای داننان بە فرەیی نەتەوەیی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و مسۆگەرکردنی مافی یەکسان بۆ هەموو خەڵکەکەی ــ لە کورد و بەلووچەوە تا عەرەب، تورک و فارس ــ بنیات بنرێت؛ نەک لەسەر نۆژەنکردنەوەی ڕابردوویەک کە خۆی یەکێکە لە ڕیشەکانی قەیرانی ئەمڕۆ.