کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دوو هاوپەیمانیی سیاسی سەبارەت بە کوشتنی سیستماتیکی ناڕازییان و جینایەتی ڕێژیم دژی مرۆڤایەتی

16:05 - 24 بەفرانبار 2725

دوو هاوپەیمانیی سیاسیی هاوپەیمانیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان ڕوو لە کۆمەڵگەی جیهانیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە.

ئەم دوو هاوپەیمانییە ڕایانگەیاندووە ئەوەی کە لە ئێستادا لە ئێراندا ڕوو دەدات، بەپێی پێوەرەکانی مافی نێودەوڵەتی، نەک "نائارمیی نێوخۆیی"، نە "تێکدانی نەزمی گشتی" و نە دۆخێكی تێپەڕی ئەمنییەتییە بەڵکوو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی نموونەی بەرچاوی جینایەت دژی مرۆڤایەتین.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: کەڵکوەرگرتنی بەرفراوان لە هێزی زۆر دژی ناڕازییانی ناچەکدار، تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک، کوشتنی سەروویاسایی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان، پێشگرتن لە ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان و گوشارهێنان و سزادانی باقی خەڵکەکە، نەک کردەوەیەکی کاردانەوەیی بەڵکوو بەشێک لە هێرشێکی بەربڵاو  و سیستماتیک دژی خەڵکی سێڤیلە کە بە ئاگایی و ئیرادەی بەرپرسان دەکرێت.

لەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بە وەسەریەککەوتنی تەرمەکان و بێبەریکردنی قوربانییان لە شوناس و کەرامەتی مرۆیی و هەوڵی ڕێکخراو بۆ شاردنەوەی لایەنەکانی ئەم کوشتارە کراوە و ئەمەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ ناو بردووە.

بەوتەی ئەم دوو هاوپەیمانییە، ئەم کردەوەیە نیشانەی ئاشکرای پێشێلکردنی بەردەوام و جیدیی بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی ئەم دەوڵەتەیە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەوەی لە ئێراندا ڕوو دەدات، نیشانەی ئاشکرای جینایەت دژی مرۆڤایەتییە، تاوانێک کە بە هۆی یاسای نێودەوڵەتییەوە بەرپرسایەتی دەخاتە سەر شانی بەرپرسان و بکەرانیەوە.