کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە لە خۆپیشاندەران لەلایەن دادستانی گشتیی ڕێژیمەوە

12:27 - 13 بەفرانبار 2725

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکەرانە و باوی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی خۆپیشاندانەکان، دادستانی گشتیی ڕێژیم بە ئەدەبیاتێکی هەڕەشەئامێز هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی وەک تۆمەتی قورسی ئەمنییەتی پێناسە کردووە.

دادستانی گشتیی ڕێژیم ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانبار، سەبارەت بە قسەکانی دۆناڵد ترامپ لە پشتگیریکردنی لە خۆپێشاندەرەکان هۆشداریی داوە کە هەر چەشنە یارمەتیدان، هاواهەنگی یان ڕۆڵگێڕان لە پلانی ئاڵۆزکەری دوژمنانی ئێران لە هەر بابەتێکدا هەوڵێک دژی ئەمنییەتی گشتی و سەقامگیریی گشتی دەخوێندرێتەوە.

لەکاتێکدا ئەم قسانە دەوترێت کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە زۆرتر سەرچاوەیان لە قەیرانی بژێوی ژیان، زیادبوونی نرخەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕینی هاووڵاتییان وەرگرتووە.

هەواڵدەریی میزان سەر بە هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، لە زاری موەحێدییەوە، دۆخی ئابووریی ئێرانی بە کۆمەڵێک لە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بەستووەتەوە.

ناوبراو سەرەڕای دانپێدانان بە بەشێک لە کێشەکان لەوانە کەموکۆڕییەکان و مڵملانێ لە بەڕێوەبردنەکان، وتوویەتی کە دامودەزگاکانی بەرپرسیار، خەریکی بەدواداچوون و قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکۆڕیانەن؛ ئیددیعایەک کە لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵاوسان، داتەپینی ئابووری و زۆربوونی هەژاری لە کۆمەڵگەدا یەک ناگرنەوە.

دادستانی گشتیی ڕێژیم لە درێژەی پاساوهێنانەوەکانیدا بەبێ ئاماژە بە ڕەچاونەکردنی ڕۆڵی سیاسەتە نێوخۆییەکان، ناکارامەیی بەڕێوەبەری و گەندەڵیی سیستماتیک، بەشی زۆری گوشارەکانی بژیوی ژیانی بە هۆی سزاکانی ئەمریکا زانیوە و ئەوەی بە تێرۆریزمی ئابووری دژی خەڵکی ئێران وەسف کردووە.

هەروەها ناوبراو بە جیاکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بە بابەتی یاسایی و ئاژاوەگێڕی هەوڵی داوە ناڕەزایەتییەکانی شەقام بە توندوتیژی و وێرانکاری ببەستێتەوە تاکوو ڕەوایی بە بەرەوڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم وەک سەرکوت، گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەرەکان بدات.

قسەکانی دادستانی گشتیی ڕێژیم نێشانی داوە کە بە جێی وڵامدانەوە بە داخوازییەکان بۆ بژێوی ژیان و بەرپرسیارەتی قەیرانی ئیستا، ڕێژیم جارێکی دیکە ڕەوتی هەڕەشەکردن، دۆسییەسازی و ترساندنی هاووڵاتییانی گرتووەتە بەر.