کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی زانایاینی ئایینیی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی خۆپێشاندەرانی مەحکووم کرد

16:09 - 24 بەفرانبار 2725

یەکیەتیی زانایاینی ئایینیی کوردستانی ئێران بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژی خۆپێشاندەرانی مەحکووم کرد.

 

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:


بەناوی خودای تێکدەری کۆشکی زۆرداری و ستەم و بەدیهێنەری ئازادی.


گەلانی ئازادی ئێران و کوردستان و جیهان،
ویژدانە بەئاگابوو و مرۆڤدۆستەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتییەکان:
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەوپەڕی ناڕەحەتی و تووڕەیی و خەمەوە سەرکوتی خوێناوی و کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ناڕازییانی ئێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەر و تێرۆریستییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە توندی شەرمەزار دەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت، "بەریەککەوتنی ئەمنی" نییە، بەڵکو تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە. تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کەسانی بێ بەرگری و کوشتنی گەنجان و ژن و منداڵ و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دروستکردنی کەشوهەوای تێرۆر، هیچ پاساوێکی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی و یاسایییان نییە. ئەم کارانە بە ڕوونی دژایەتی دەستووراتی ئیسلام و بنەماکانی مرۆڤ و هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەن.
ئێمە وەک زانایانی ئایینی بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین: هیچ حکوومەتێک مافی ئەوەی نییە بەناوی ئایینەوە تەقە لە خەڵک بکات لەژێر هیچ پاساوێکدا.
هیچ دەسەڵاتێک بۆی نییە بە توندوتیژی وڵامی خواستی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بداتەوە؛
وە هیچ دەسەڵاتدارێک ناتوانێت بە فتوا و پاساوی سیاسی پاساو بۆ خوێنی خەڵکی بێتاوان بدات.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی هاوسۆزی تەواو لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان، بریندارەکان، زیندانییانی سیاسی و هەموو خەڵکی ستەملێکراوی ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دادگا نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و حکوومەتە ئازادەکانی جیهان دەکات:  کــــــــــــە تاوانەکانی حکوومەتی ئێران بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسن؛
ئەنجامدەر و بەرپرسەکانی ئەم کۆمەڵکوژییانە بخەنە ژێر لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی؛
ڕێگری لە بەردەوامیی سەرکوت و کوشتنی خەڵک بە جێبەجێکردنی فشاری سیاسی و یاسایی و نێودەوڵەتی و بگرە بەکارهێنانی هێزی سەربازیش؛
پشتیوانی کردەیی و کاریگەر بۆ گەلی ئێران لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری، کەرامەتی ئینسانی و مافی چارەی خۆنووسین.
ئێمە پێمان وایە بێدەنگی لە بەرامبەر ستەمدا خۆی بەشداریکردنە لە تاوانەکەدا. ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی گەورەی مرۆڤایەتی و باوەڕی ئایینی ڕاستەقینە و ویژدانی جیهانی لەبەردەم هاواری گەلی ئێراندایە.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەینەوە: خوێنی ستەملێکراو هەرگیز ناکوژێتەوە و دادپەروەری هەرچەندە درەنگ بێت، بەڵام حەتمییە و بەدی دێت.

 

سڵاو لە ئیرادەی ئازادیخوازی خەڵکی ئێران و کوردستان.

بڕووخێت ڕێژیمی مرۆڤکوژ و دڕندە و تێرۆریستی کۆماری سیدارە و خوێنی ئێران.


یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی