مەولەوی عەبدولحەمید پێشنوێژی هەینیی زاهێدان و کەسەیەتیی دیاری ئایینی لە نێوان سوننەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی، کوشتنی هەزاران خۆپێشاندەر لە تاران و شارەکانی دیکە لە ماوەی چەن ڕۆژدا کارەساتێکی ترسناک و بێوێنە بووە.
ناوبراو لە درێژەی ئەم پۆستەدا نووسیویەتی کە ئەم ڕووداوە تاڵە نەتەوەی ئێرانی خستووەتە ناو تووڕەییەوە و ویژدانی مرۆڤە ئازادەکانی لە جیهاندا بە قووڵی بریندار کردووە.
هەروەها ناوبراو جەختی لەسەر بەرپرسیارەتی ئەو کەسانە کردووەتەوە کە فەرمانیان داوە و ئەم تاوانەیان ئەنجام داوە و وتی کە لە ماوەی تەمەنیاندا و دوای مردنیشیان سزای ئیلاهی دەدرێن.
ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باسیان لەوە کرد کە ڕێژەی خۆپێشاندەرە کوژراوەکان زۆرتر لە ١٢هەزار کەسە و بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەم کوشتنە بەکۆمەڵە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، دوای پچڕانی گشتیی ئینتێرنیت بووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ بڕینی ئینتێرنێت و پچڕانی پەیوەندیی خەڵکی ئێران لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، لە هەوڵی دامەزراندنی پرۆژەیەکی نوێ بۆ ئەگەری پچڕاندنی ئینتێرنێت بۆ ماوەیەکی درێژە.
ئەم پرۆژەیە تا ئاستێکی زۆر لە پرۆژەی "ئەبەر ئاروان" گەورەترە و بڕیارە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، وەک ماشینە مەجازییەکان، بەستێنی بانکی و پارەدان و هەروەها ژێرخانە سەرەکییەکان لەسەر ئەم پلاتفۆرمە پێشکەش بکرێن.
مەبەستی ڕێژیمی ئێران لە دامەزراندنی ئەو پرۆژەیە کپکردنی دەنگی ناڕازییان و بڕینی پەیوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە بۆ سەرکوتی زیاتر و کوشتاری هاووڵاتییانە.