کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی شوناسی چەند شەهیدی کورد لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە

19:56 - 24 بەفرانبار 2725

لەگەڵ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە کوردستان و ئێران و سەرکوتی توندوتیژی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" شوناسی چەند هاووڵاتییەکی کوردی شەهیدکراو لە شارەکانی تاران، وەرامین و کەرەجی پشتڕاست کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی "کوردپا"، لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، "سیاوەش شێرزاد"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بوکان و نیشتەجێی تاران، لە کاتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ شەهید بوو و تەرمەکەی ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار لە بۆکان بەخاک سپێردرا.

هەمان ڕۆژ، "زارا مورادی"، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی "حەسار"ی بۆکان، لە ناوچەی تارانسەر بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر و سینگی شەهید بوو.

هەروەها "عێرفان عەلیزاده"، گەنجی ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری "لومار"ی ئیلام لە ڕۆژی ١٨ یان ١٩ی بەفرانبار و لە ناڕازییەتییەکانی وەرامین شەهید کرا.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباردا، "ڕۆژین مەحموودی ئازەر"، خوێندکاری کورد لە کەرەج و خەڵکی مەهاباد لە ڕەوتی ئەو ناڕازییەتییانە شەهید کرا.

لە هەمان کاتدا ژنێک لە بنەماڵەی "ئەیازی" و پیاوێک لە بنەماڵەی "دێبوکری"، هەر دوو خەڵکی مەهاباد کە ناوەکانیان هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەکراوەتەوە شەهید بوون و تەرمەکانیان لەژێر چاوەدێرییەکی توندی ئەمنییەتیدا بەخاک سپێردران.

کوردپا هەروەها ڕایگەیاند کە "ئەردەشیر زارعی"، هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی ئاوایی "درویت"ی داڵاهۆی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانبار لەکاتی دابینکردنی دەرمان لە دەرمانخانە کرا بە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و شەهید بوو.

شایانی باسە کە بەهۆی پچڕاندنی ئینتێرنێت و نەبوونی زانیاری ورد، ئاماری ڕاستەقینەی شەهیدان و بریندارەکانی خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییە دیار نییە و زانیارییەکان باس لە شەهیدبوونی چەند هەزار خۆپێشاندەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەکەن.