ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانبار یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە یارمەتیی بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە، بۆ پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی کارەساتباری ڕۆژاوای کوردستان گردبوونەوەیەکی بەرینی بە بەشداریی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی یەکیەتیی خوێندکاران و کۆمەڵێک لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کۆیە لە زانکۆی ئەو شارە بەڕێوە برد.
سەرەتای گردبوونەوەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەلایەن خاتوو "ئاگرین محەممەدی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوەیەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو کە "ئێمە وەک بەشێک لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی باشووری کوردستان، بە هاوکاریی خوێندکارانی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری زانکۆی کۆیەی باشووری کوردستان ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی پاڵپشتیی خۆمان لە خوشکان و برایانی هاونەتەوەمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان، بخەینە لای دەنگی کپکراویان هەتا بیسەلمێنین ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە دڕندەیی و دەستدرێژییەکانی دوژمنانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان کرا و رایگەیاند کە "هەرچەشنە دەستدرێژی و سەرکوتێک لە هەر کوێی ئەم دنیایە بۆ سەر ئەم نەتەوەیە بەتوندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و داواش لە هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و حکوومییەکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهان دەکەین، لە بەرامبەر ئەم ڕەشەکوژییەی دەوڵەتانی ناوەندیی زاڵ بەسەر ئێران و سووریەدا بێدەنگ نەبن و دژکردەوەی کردارییان هەبێت".
دواتر خاتوو "پۆرشیا کارزان" پەیامی خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بۆ پشتیوانی لە کوردستانییانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لەو پەیامەدا هاتبوو:"ئێمە وەک بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە تا پشتیوانی و هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ خوشک و برا هاونەتەوەکانمان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای نیشتمان دەرببڕین کە لە ئێستادا لەژێر ڕەهێڵەی ڕەشەکوژی و کردەوەی نامرۆڤانەی داگیرکەران و دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندان".
هەروەها بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە تەرخان کرابوو بۆ دژایەتی و بێزاری لە هەوڵە توندئاژۆکانی دەوڵەتی کاتیی سووریە بۆ سەر گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و تێیدا هاتبوو: "ئێمە بە توندی دژایەتیی هەموو ئەو هێرش و داگیرکاری و سیاسەتانە دەکەین کە هەڕەشە لە سەلامەتی و ئۆتۆنۆمی و داهاتووی ڕۆژاڤا دەکەن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسین و پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە و دێموکراسیانە بۆ ناوچەکە لە ئەستۆ بگرێت".
دواتر شێعرێکی نیشتمانی لەلایەن خاتوو "سایە عەلی" خوێندکاری زانکۆی کۆیە و چەندین پارچە شێعری حەماسی و نیشتمانی لەلایەن خوێندکارانی ئەو زانکۆیەوە خوێندرایەوە.
شایانی باسە لەو کۆبوونەوەیەدا خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بە هێماکانی وەک جامانە، هەوری و تابلۆیەکی تایبەت بە ئاڵای کوردستان و وێنەی پێشەوا قازی محەممەد، هەڵگرتنی وێنەی شەهیدانی ئەم دواییانە دێنیز و ڕۆبینا ئەمینییان و دروشمی جیاواز، هاوپێوەندیی نەتەوەیی خۆیان دووپات کردەوە.
شایانی باسە بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی کۆیە بەشدارییان لەو گردبوونەوەیەدا کردبوو.