هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان لە نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلامیدا، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ڕێژیم سامانی خۆیان لە ئێران بۆ دەرەوە دەگوازنەوە.
سکات بسێنت لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "نیووزمەکس" ڕایگەیاند کە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕوو دەدات، ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی کارزاری "گوشاری لانیزۆری" دەوڵەتی دۆناڵد ترامپە کە لە ڕۆژەکانی یەکەم بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد.
بسێنت ئاماژەی کرد کە دەوڵەتی ترامپ بە فۆکۆسکردنە سەر هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیم لە هەوڵی بڕینی سەرچاوە سەرەکییەکانی ماڵی کۆماری ئیسلامی بووە کە ئەنجامەکەی، داڕمانی ماڵی بەربڵاو لەناو ئێران بووە.
ناوبراو زیادی کرد کە لەگەڵ بەردەوامیی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بەرپرسانی ئێران دەیان ملیۆن دۆلار بەشێوەی نهێنی لە ئێران دەبەنە دەرەوەی وڵات.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا وتی کە ئێمە لە ڕیگەی نیزامی بانکی سونەتی و ڕێرەوی دارایی دیجیتاڵەکان، بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە دەکەین و ئەوان ناتوانن ئەو پارانە ڕابگرن.
ناوبراو وتی بەرپرسانی ڕێژیم بە سەرکوتی خەڵکی ئێران، سەرچاوە داراییەکانی وڵاتیان خەرجی شەڕە نیابەتییەکان و هەوڵ بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی کردووە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا دۆخی هەنوکەیی ئێرانی بۆ بەڕێوبەریی کارەساتباری ئابووریی ڕێژیم گەڕاندەوە و وتی خەڵکی ئێران لەو بارودۆخە وەزاڵە هاتووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، کاناڵی ١٤ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٤٨ ساعەتی ڕابردوو نزیک بە ١ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران گوازراوەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تەنیا موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری ڕێژیم نزیک بە ٣٢٨ ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان شوێن لە دوبەی گواستووەتەوە.
ئەو قسانە لەکاتێکدایە کە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە ئێراندا بەردەوامن و زۆربەی هاووڵاتییان گەندەڵی، دزینی سامانە نیشتیمانییەکان و سەرکوت، وەک هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانەکانی ئێستای ئێران دەزانن.