ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە کوشتنی بەربڵاو، گرتنی بەکۆمەڵ، داخستنی ئینتێرنیت و ئەگەری تاوانکاری دژی مرۆڤایەتی دەکەن و ئامارەکان باس لە کوشتنی و دەسبەسەرکرانی هەزاران کەس دەکەن.
فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ(FIDH) و کۆمەڵەی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێران(LDDHI) بەیاننامەیەکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا بەتوندی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێرانیان مەحکووم کردووە و خوازیاری لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر پێشێلکارییەکی گەورە و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ بوون، پێشێلکارییەک کە بە وتەی ئەم دامەزراوانە لە هەندێک حاڵەتیدا دەبێتە تاوان دژی مرۆڤایەتی.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە وڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژیی کوشەندە بووە، لە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە سەر، مل و چاوی خۆپێشاندەرانەوە تا بەکارهێنانی دۆشکا کە لەسەر بارهەڵگرەکان دانراوە.
لەهەمان کاتدا لە ١٨ی بەفرانبارەوە ڕێژیم نزیکەی لەسەدا ٩٩ی پەیوەندییەکانی ئینتێرنێت و سیمکارتەکانی پچڕاندووە، هەنگاوێک کە ئەم ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ دەڵێن بۆ شاردنەوەی ڕادەی سەرکوتکردنەکان گیراوەتە بەر.
عەبدولکەریم لاهیجی سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە ئێران، وڵامی دەوڵەتی ئێرانی بۆ خۆپێشاندەران بە دڕندانە زانیوە و وتوویەتی کە پچڕانی ئینتێرنێت و هێڵی پێوەندییەکان ئامرازێکە بۆ شاردنەوەی کوشتنی ناڕازییان و سەرکوتکردنی بزووتنەوەیەکی بێوێنە بۆ ئازادی و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێران.
ئەلێکس دۆسائێف سەرۆکی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافی مرۆڤ هۆشداری داوە کە پێشێلکاریی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران پێویستی بە وڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و هاواهەنگ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، وڵامێک کە دەبێت دڵنیابوون لە دادپەروەری بۆ قوربانییەکانی لەگەڵ بێت.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سێشەممە ١٣ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە لانیکەم ٧٣٤ خۆپیشاندەر کە ١٢ منداڵ و ٦ ژن بوون کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون، و لە دوایین ڕاپۆرتی میدیای بیانیدا، تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە لە ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون لانیکەم ١٢ هەزار کەس بوون و دەتوانێت بگاتە ٢٠ هەزار کەس.
ئەم کۆمەڵە ئامارە جیاوازە بەڵام یەکگرتووە، لەگەڵ شایەتحاڵی مەیدانی و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، ئاماژە بە قەیرانێکی قووڵ و کوشتارێکی بێوێنە لە ئێران دەدەن، قەیرانێک کە بە وتەی چاودێران ئەگەر بێ وڵام بمێنێتەوە، دەتوانێت لێکەوتەی یاسایی و سیاسیی جیددیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت.