کتێبی ڕەشەشەو و سەربازانی ون لەلایەن "محەمەد بایزیدی" تایپ و پێداچوونەوەی بۆ کراوە و "کەمال گروێسی" هەڵەبڕی بۆ کردووە و لەلایەن وەشانخانە و کتێبفرۆشی "کتێبی ئەرزان" لە ستۆکهۆڵم چاپ کراوە.
ئەو کتێبە پێکهاتووە لە: سەرەتایەک و سێ بەشی تایبەت بە مەئمووریەت و چالاکییەکان کە نووسەر لێرەدا بە ئەڵقە نێویان دەبات. بەشی چوارەم و کۆتایی کتێبەکە لەژێر سەردێڕی "ئاوڕێک بەرەو خۆم" کارەساتی تیرۆری مامۆستا خۆی لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاویدایە. پاشکۆی وێنە و بەڵگەکان و فەرهەنگی نێوەکان دەبنە ڕازێنەرەوەی دوایین لاپەڕەکانی کتێبەکە.
نووسەر سەرەتای کتێبەکە بە کورتەیەک لەسەر هەڵکەوتی جوگرافیایی و کورتە مێژوویەکی زوڵم و زۆرییەکانی دەسەڵاتداران لە سەردەمی پاشایەتی هەر لە بنەماڵەی قاجارەکانەوە بگرە تا سەردەمی پەهلەوی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێدەکات. ئەو بەرهەڵستییانەی کوردەکان لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرییانەدا کردوویانە و فێڵ و تەڵەکەی دەسەڵاتداران بۆ بەچۆکداهێنانی هەستی بەرگریی کورد گرتوویانەتە بەر دێنێتە بەر باس.
لە ئەڵقەی یەکەمی کتێبەکەدا سەربردەی بنەماڵەیەکی کوردی بەزۆر کۆچپێکراوی کورد بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگێڕێتەوە.
یەکەم ئەڵقەی کتێبەکە لەژێر سەردێڕی "گەڕانەوە بەنێو وێرانییەکاندا"، ئەڵقەی دووەم؛ "کوڵینی خوێن لە گەرووی خوێندا". و ئەڵقەی سێیەمی ئەو کتێبە، لەژێر ناوی "مردن لە باوەشی مردندا" ئامادە کراوە.
هەرچەند مامۆستا زیاتر لە ٣٨ ساڵە لە نێو ئازار و ژانی دوای برینداربوونیەکەی دا دەژیت و ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا لایەنە دیارەکانی ئەو ئازارانەیە و ئازارە دەروونییەکان تەنیا بۆخۆی لە سەرەوەی هەموو کەس و کەسانی زۆر نزیکی بنەماڵە هەستی پێدەکەن و لەگەڵی دەژین، بەڵام مامۆستا وەک کاراکتەرێکی هەرە چالاکی مەیدانە هەرە گەرمەکانی شەڕی سێ مانگە، شەڕەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جادەی پیرانشار-سەردەشت، شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و زۆر شوێنی دیکە بەشێک لە مێژووی پڕبایەخی خەباتی گەلەکەمانی لە نێو بیرەوەرییەکانی خۆیدا هەڵگرتووە، کە پێویستە یارمەتی بدرێت تا بڵاویان بکاتەوە و خەباتکاران و دڵسۆزانی گەلەکەمان لێی ئاگادار بن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و هیممەتی ئەندامانی بنەماڵەکەی، بەتایبەت خاتوو ''کولسووم''ی هاوژینی زۆرێک لەو بیرەوەرییانەی تۆمار کردوون، بەڵام زۆر باش دەبێت بە شێوەی نووسراویش چاپ و بڵاو بکرێنەوە. هیوادارم چاپی بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی ببێتە سەرەتایەک بەو ئاقارەدا.