بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و نەبوونی پردی پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمامرەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکان شەهید کراون کە شوناسی ژمارەیەکیان ڕوون بووەتەوە.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی کوردپا، لە ڕۆژانی ١٨ یان ١٩ی بەفرانباردا چەند کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کراون کە زانیارییەکانیان بەم شێوەیە:
سەید میلاد ڕەحیمی هاووڵاتییانی یارسانی خەڵکی زەردە سەر بە کرێند لە داڵاهۆی کرماشانە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرەج، بە ئەگەری زۆرەوە لە ڕۆژانی ١٨ یان ١٩ی بەفرانباردا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم شەهید کراوە.
تەرمی ئەم لاوە کوردە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری لە گۆڕستانی کرێند بە خاک سپێردرا.
لە شاری "وەرامین"ی تاران، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵان بە ناوی "عرفان عەلیزادە" خەڵکی شاری "لۆمار" سەر بە پارێزگای ئیلام شەهید کراوە. ناوبراو خەڵکی شاری "لۆمار" سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام بووە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری وەرامین لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامی_سەرکوتکەرەکان شەهید بووە.
"کەیوان ڕەزایی" لە هاووڵاتییانی یارسان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان، شەهید کراوە.
"كەیوان ڕەزایی" شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە فیشەکی جەنگی لەلایەن هێزەکانی سپای "نەبی ئەکرەم" لە گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان شەهید کراوە.
"پوویا ڕۆستەمی" کوڕی ڕۆستەم، خەڵکی گوندی "کۆڵم" سەر بە شاری بەدرە و لە منداڵانی ئیلی "بێرەی" یە. ناوبراو لەدایکبووی سەرەتاکانی ساڵی ٨٠یە و لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەدرەدا شەهید کراوە.