هەواڵدەریی ڕویتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە دیپلۆماتکارەکان داوایان لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە کە ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشی سەربازییان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێ کرد، دژکردەوەی سەربازی نەبێت و حیزبوڵڵاش بە پێشمەرجێک قەبووڵی کردووە.
هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی لوبنانییەوە بڵاوی کردەوە کە دیپلۆماتکارەکانی چەند وڵات لەگەڵ گرووپی حیزبولڵا لوبنان لە پێوەندیدا بوونە و داوایان کردووە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران، دان بەخۆدا بگرێت و لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل خۆی ببوێرێت.
ڕویتێرز هەروەها باسی لە کاردانەوەی حیزبوڵڵا لەوبارەوە کردووە و نووسیویەتی: "حیزبوڵڵا بەڵێنی داوە کە ئەگەر لەو هێرشانەدا ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەکرێتە ئامانج و ژیانی ناوبراو نەکەوێتە مەترسییەوە ئەوان کاردانەوەی سەربازییان نابێت".
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە هەتا چەند ڕۆژی دیکە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران لە ئارادایە.
هەروەها زانیاری و ڕاپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهان لە دەوروبەری باڵوێزخانەکانی ئامادەباشیی تەواوی ڕاگەیاندووە.