دوابەدوای کوشتاری بێبەزەییانەی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، ٦٠ پارێزەری ئێرانی، ئامریکایی، ئورووپایی و ئۆکراینی لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بەخێرایی دەستێوەردان لەو دۆخەدا بکات.
لە نامەی ئەو پارێزەرانەدا هاتووە: "کاتێک دەوڵەتێک نەتوانێت یان نەیهەوێت بەرگری لە خەڵکەکەی لە بەرامبەر ژینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و کوشتاری بەرفراوان بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکدارە بەخێرایی دەستێوەردان بکات".
بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە لەکاتێکدایە کە کوشتاری فراوانی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەگەڵ کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕوو بووەتەوە و گرژییەکانی نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلام یی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران لەکاتی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان تا ئێستا لە سەرکوتێکی بێوێنەدا و هاوکات لەگەڵ بڕینی ئینتێرنێت، هەزاران کەسی بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە فیشەکی جەنگی کوشتووە.