کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیلی مەیلی: لیستی ٥٠ ئامانجی سەربازیی ئێران پێشکەش بە ئیدارەی ترامپ کرا

18:18 - 25 بەفرانبار 2725

بەپێی هەواڵی دەیلی مەیلی، ڕێکخراوی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی لیستی ٥٠ ئامانجی سەرەکیی سەربازی ئێرانی پێشکەش بە ئیدارەی ترامپ کردووە.

لە لیستەکەدا ناوەندەکانی فەرماندەیی بۆ جێبەجێکردنی یاسا و هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە تاران لەخۆ دەگرێت، ئیدارەی ترامپ ڕایگەیاندووە کە کاتی سەبرگرتنی دیپلۆماسی کۆتایی هاتووە و بیر لە لێکدانەوەی ئەگەرەکان سەبارەت بە ئێران دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بریتانی، حکوومەتی ئەمریکا لیستی ئامانجە سەربازییە زۆر گرنگەکانی ئێرانی پێ گەیشتووە، ئیدارەی ترامپیش ڕایگەیاندووە کە لێکدانەوەی ئەگەرەکان بۆ سەر ئێران دەکات، ڕێکخراوی هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی کە بنکەکەی لە واشنگتۆنە بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بریتانی ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە دۆسییەی ٥٠ ئامانجیان پێش کۆنگرەیەکی ئەمنیی کۆشکی سپی ڕادەستی حکوومەتی ئەمریکا کردووە.

ئەم بەڵگەنامەیە تایبەت بە بارەگای سارۆڵڵای سپای پاسدارانە، ئەو بارەگایەی کە بەرپرسی بەدواداچوون بۆ خۆپێشاندەرانە، هەروەها بارەگای فەرماندەیی قودس کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور و باکووری ڕۆژاوای تاران، بارەگای فەرماندەیی فەتح لە باشووری ڕۆژاوا، بارەگای فەرماندەیی نەسر لە باکووری ڕۆژهەڵات و بارەگای فەرماندەیی غەدر لە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی تاران، بەشێکن لەم لیستە.

کەسرا عەرەبی، بەڕێوەبەڕی ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژ به ئێرانی ئەتۆمی به دەیلی مەیلی وت: تا هاوسەنگیی هێز له نێوان خۆپیشاندەرانی بێ چەکی ئێران و دامودەزگای بەتەواوی چەکدار نەگۆڕێت، سووڕی ناڕەزایەتی و سەرکوتکردن بەرده وام دەبێت.

ئەم لیستە جگە لە ناوەندە سەرەکییەکانی فەرماندەیی، ژێرخانێکی شاراوە لە سەرتاسەری تاران لەخۆ دەگرێت کە وەک تۆڕێکی فەرماندەیی سەرەکی کار دەکات و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی پۆلیس و شەڕی دەروونی ڕێک دەخات.

هەروەها ٢٣ بنکەی ناوچەی هێزەکانی بەسیج سەر بە سپای پاسداران کە هەر یەکەیان لە یەکێک لە ناوچەی ٢٢ی تاران هەڵکەوتوون لەم لیستەدا هەن.

ئەو لیستەی کە ئەم ڕێکخراوەیە پێشکەشی کردووە، ئۆپەراسیۆنییەکانی بەداواداچوونی خۆپێشاندەران لەخۆ دەگرێت کە لەوانە گرووپی بەناو ئەمنی ئال محەممەد کە بنکەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران و گرووپی بەناو ئەمنیی ئەلزەهرا کە بنکەکەی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تارانە لەخۆ دەگرێ.

لەکاتێکدا کە بە گوێرەی هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە و بەشێکیشیان ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان دەبنەوە لە زیندانەکانی ڕێژیمدا، ئیدارەی ترامپ ڕایگەیاندووە کە کاتی سەبووری دیپلۆماسی کۆتایی هاتووە.

جێی باسە کە ڕۆژی سێشەممە ترامپ هەموو چاوپێکەوتنەکانی لەگەل ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و ڕوو لە خۆپێشاندەران وتی کە یارمەتی لەڕێدایە.