مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X)، پاڵپشتیی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە گەلی ئەمریکا و ملیۆنان مرۆڤ لە جیهانی ئازاددا پشتیوانییان لێ دەکەن.
پێنس لەم پەیامەدا، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێرانی بە ئیلهامبەخشی جیهان وەسف کرد و وتی: «ئامانجی خۆپێشاندەران بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک، لەلایەن کۆمەڵگەی ئازادی جیهانییەوە پاڵپشتی دەکرێت.»
ناوبراو بە هێنانەوەی وتەیەکی ڕۆناڵد ڕێیگان نووسیویەتی: «هیچ چەکێک لە جیهاندا بەهێزتر لە ئیرادە و بوێریی ئەخلاقیی مرۆڤە ئازادەکان نییە.» هەروەها دەڵێت: «ڕۆژی ئازادی لە ئێراندا ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە.»
جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتاییی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە هیوا و نزای خەڵکی ئازادیخوازی جیهان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ئێراندایە و هاشتاگی #FreeIranی بەکار هێناوە.