کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران لە کوردستانی عێراق ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمە، بەڵام دەڵێت بە پاشەکشەی ترامپ لە هەڕەشەکان، هێشتا کاتی چالاکیی پێشمەرگانە نەهاتووە

12:13 - 26 بەفرانبار 2725

 

نووسراوە لەلایەن: هالی ویلیامز، ستیڤ بریمەن، تاکەر ڕێڵز

١٥ی ژانویەی ٢٠٢٦ – سی بی ئێس نیوز

 

لە شاخەکانی کوردستانی عێراق، تەنها ٣٠ میل (٤٨ کیلۆمەتر) دوورتر لە سنووری ئێران، سی بی ئێس نیوز بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە چاوی بە جەنگاوەرانی حیزبێکی چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی ئێران کەوت ـ کە زۆربەیان ژن بوون؛ حیزبێک کە دەڵێت ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە و یارمەتیدانە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتدارە ئایینی و توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) لە نێوخۆی ئێراندا قەدەغەیە و لە تاراوگە، لەو دیوی سنوور و لە کوردستانی عێراقدا چالاکی دەکات. ئەم حیزبە ساڵانێکە بۆ ئەو ڕۆژە ڕاهێنان دەکات کە بتوانێت ڕێژیمی ئێران لە دەسەڵات لادات؛ لەگەڵ ئەوەشدا، لە بارودۆخێکدا کە وا دەردەکەوێت سەرۆک ترامپ لە هەڕەشەکانی سەبارەت بە دەستێوەردانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە قازانجی خۆپێشاندەرانی ئێران پاشەکشەی کردبێت، ڕێبەری ئەم حیزبە کوردییە بە «سی‌بی‌ئێس نیوز»ی ڕایگەیاند کە هێشتا کاتی ئەو جووڵەیە نەهاتووە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە لە «سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە» بیستوویەتی «کوشتار لە ئێران خەریکە دەوەستێت» و ئەوەی کە دوای سەرکوتکردنی توندوتیژ بۆ کۆتاییهێنان بە دوو حەوتوو لە خۆپیشاندانی بەرفراوان، «هیچ بەرنامەیەک بۆ لەسێدارەدانەکان» لەو وڵاتەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوەگەلێک لە نێوخۆی ئێران بە سی بی ئێس نیوزی وتووە کە سەرکوتکردنی بەرپرسانی ئێرانی ڕەنگە بووبێتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس؛ ئامارێک کە ئەگەری هەیە زۆر بەرزتریش بێت.

ئاڵۆزییەکان لە ئێران هەروەها بەردەوامە؛ خۆپیشاندانگەلێک کە لە کاردانەوە بە قەیرانی قووڵی ئابووری دەستیان پێکرد. قسەکانی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وادیارە نیشاندەری پاشەکشەیە لە هۆشدارییەکان سەبارەت بە دەستێوەردانی نادیاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، و هەروەها هەڕەشەی ڕۆژی سێشەممەی ترامپ سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانی «کردەوەی زۆر بەهێز» لە ئەگەری لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران. ئەم هەڵوێستە، بە ئەگەری زۆر هەمان پەیامی واشنتۆن نییە کە هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کە لە عێراق ڕاهێنان دەبینن ـ هیوایان پێ بەستبوو.

فەرماندە سەیران گەرگولی بە سی بی ئێس نیوزی وت: «ئەم خۆپیشاندانانە هیوای پێ بەخشین کە ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرەی کە بە شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ (١٣٥٧) هاتە سەر دەسەڵات، سەرەنجام دەڕووخێت؛ بەڵام ئەمە تەنها لە حاڵەتێکدا دەکرێت کە ئەو خەڵکەی لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندان دەکەن، یارمەتیی نێودەوڵەتی وەربگرن.»

مستەفا هیجری، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زیاتر لە چوار دەیەیە کە لە تاراوگە دەژی و سەرکوتکردنی چەندین شەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی لەلایەن فەرمانڕەوایانی ئێرانەوە بە چاو دیوە. ئەو لە کاتێکدا کە وا دەردەکەوێت دوایین خۆپیشاندانەکانیش ڕەنگە تووشی هەمان چارەنووس ببن، وتی ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت کە ئایا ئەم ڕاپەڕینە یەکلاکەرەوە دەبێت یان نا. بە وتەی ئەو:

«ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا کوشتاری بەرفراوان بەردەوام دەبێت یان نا. ئەگەر بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە خۆپیشاندەران توانای بەردەوامییان نابێت. لە لایەکی دیکەوە، سیناریۆی دیکەش بوونیان هەیە؛ لەوانە ئەوەی کە ئەمریکا بچێتە دانوستاندنەوە لەگەڵ ڕێژیمی مەلاکان و ناچاریان بکات مەرجەکانی قبووڵ بکەن. لە حاڵەتێکی وا، ڕێژیم دەتوانێت بۆ ماوەیەکی دیکە درێژە بە ژیانی خۆی بدات.»

هیجری هەروەها وتی کە بەهیوایە بۆ دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکان؛ بەتایبەتی هێرشگەلێک دژی ئێران کە «ناوەندەکانی هێزە سەرکوتکەرەکان کە تەقە لە خەڵک دەکەن لە شەقامەکان و هەروەها دامەزراوە بەناو 'دادوەری'یەکانی سەر بە ڕێژیم بکاتە ئامانج؛ دامەزراوەگەلێک کە لە خزمەتی حکومەتدان. ئێمە دەمانەوێت شاهیدی لەنێوچوونی ئەم دامەزراوانە بین.»

ئەو وتیشی: «زۆربەی خەڵکی ئێران لەم ڕێژیمە ناڕازین و لە بەرامبەریدا وەستاونەتەوە.»

لەگەڵ ئەوەشدا، هیجری لە نەبوونی پشتیوانییەکی وا لە دەرەوە، بە سی بی ئێس نیوزی وت کە ناردنی هێزەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەودیوی سنوور ـ و بانگکردنی هەزاران کەس کە بە وتەی ئەو لە نێوخۆی وڵات ئامادەن ـ دەتوانێت لێکەوتەی پێچەوانە و مەترسیداری هەبێت.

ئەو ڕوونی کردەوە: «من پێموایە کە لە بارودۆخی ئێستادا، گەڕانەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ نێوخۆی وڵات بە قازانجی خۆپیشاندەران نییە، چونکە ئەم کردەوەیە بیانوویەکی گونجاو دەداتە ڕێژیم تا خەڵک سەرکوت و قەتڵوعام بکات. هەر بەم هۆیەشە کە هێشتا نەگەیشتووینەتە ساتەوەختی وەرگرتنی بڕیارێکی وا. بەڵام کاتێک ئەو ڕۆژە دێت و دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ئێمە چیتر نابێتە بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی زیاتری خۆپیشاندەران، ئەوکات ڕەنگە کردەوەیەکی وا ئەنجام بدرێت.»

هیجری هەروەها وتی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوازیاری ئەوەیە کە کوردەکان ـ کە نزیکەی ١٠ لە سەدی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن ـ و نەتەوەکانی دیکە بتوانن «لە چوارچێوەی یاسایەکی دێموکراتیکدا بژین، ڕۆڵەکانیان ڕێگەیان پێ بدرێت بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن، و دەوڵەت بە فەرمی دان بەم مافەدا بنێت.»

ئەو جەختی کردەوە کە جەنگاوەرانی ئۆپۆزیسیۆن «مەشق و ڕاهێنانیان بینیوە و لە شوێنی خۆیان ئامادەن؛ ئامادە بۆ ڕۆژێک کە حیزب پێویستی پێیان بێت.»

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە بارودۆخێکدا کە وا دەردەکەوێت ڕێبەرە توندڕەوەکانی ئێران ـ لانیکەم لەم قۆناغەدا ـ جارێکی دیکە لە ئاڵینگارییەکی جدی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان گیانیان بە سەلامەت دەربردووە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ملیۆنان ئێرانی کە هێشتا لە نێوخۆی وڵاتدان، لە ئێستادا چارەیەکیان نییە جگە لە چاوەڕوانی.