کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: کوشتاری خۆپێشاندەران لە ئێران «کۆمەڵکوژی»یە

17:33 - 26 بەفرانبار 2725

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەدا، دەستیان داوەتە کوشتارێکی بەربڵاو و نایاسایی — کارێک کە دەکرێ وەک «کۆمەڵکوژی» ناو ببرێت. ئەم ناوەندەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە بڕینی تەواوەتیی ئینتەرنێت لە ٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ (١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤) کردووە بە مەبەستی شاردنەوەی ڕادەی تاوانەکان دژی خۆپێشاندەران و جەختی کردووەتەوە کە توندوتیژییەکان بریتی بوون لە: تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ پاساو، بەکارهێنانی چەکی کوژەر و سوودوەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکان، کە بووەتە هۆی قوربانیبوونی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ.

ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەم کارانەی بە بێوێنە وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە:

«دەبێ کۆتایی بەم خولی خوێنڕشتن و بێسزا مانەوەیە بهێنرێت. توندی و ڕادەی کوشتارەکان لە ٨ی ژانویەوە تا ئێستا وێنەی نەبووە.»

ئەم ناوەندە داوای لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هەنگاوی بەپەلە و هەماهەنگ بنێن، لەوانە: سازدانی کۆبوونەوەی تایبەت لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی ئاسایش و ناردنی دۆسیەی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی.

لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت ڕێکارە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دژی خۆپێشاندەران، کە لە ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥ـەوە دەستی پێ کردووە، نیشاندەری سیاسەتێکی سیستماتیکی سەرکوت و توندوتیژییە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم «کۆمەڵکوژی»یە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان بێتە دەنگ.