ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، دایە زیبا عومەری زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی ئاوایی هیندرقاشی ناوچەی شاروێرانی شاری مەهاباد لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا و بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژی و جینایەتی سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٥٩ لە ئاوایی هیندرقاش بوو کە لەوێدا بە فەرمانی حەسەنیی جەلاد، دەیان ژن و منداڵ و پیر و جەوانی ئەو گوندە بەشێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران.
دایە زیبا چەندین جار لەسەر هەواداری لە حیزبی دێموکرات دەسبەسەر کرابوو و ئەشکەنجە کرابوو و کۆتا جار لەسەر گێڕانەوەیەکی فایلی دەنگی کە وەک دیکۆمێنت لەسەر جینایەتی ڕێژیم بمێنێتەوە ماوەی سێ مانگ دەسبەسەر کرابوو.
پێشتر کوڕ و بووکێکی ناوبراو دەسبەسەر کرابوون کە کوڕەکەی حەسەن ڕەیحانی تووشی ئەشکەنجەیەکی زۆر بوو و بووکەکەشی کاڵێ کەڵهور دوای ماوەیەک زیندان، بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ ئێعدام کرا .
دایە زیبا ژنێکی خۆشەویست و متمانەپێکراو لای خەڵکی ناوچەکە و شاری مەهاباد بوو و ئەمەگناسێکی وەفاداری بنەماڵەی شەهیدان بوو کە گڵکۆی شەهیدانی لە ئاوایی هێندرقاش و شاروێران بەسەر دەکردەوە و پاکی دەکردنەوە .
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.