دۆناڵد ترامپ باسی لە هێرشی گەورە و سەرکەوتووانە بۆ سەر خاکی ڤێنێزۆئێلا کرد و ڕایگەیاند: " نیکۆلاس مادۆرۆ، دیکتاتۆری ڤێنێزۆئێلا و هاوسەرەکەی دەسبەسەر کراون و لەو وڵاتە براونەتە دەرەوە".
ئەمڕۆ شەممە ١٣ی بەفرانبار کاناڵی سی بی ئێسی ئەمریکایی لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا و لە زاری دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکاوە ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆککۆماری ڤێنێزۆئێلا لەلایەن هێزی تایبەتی ئەمریکایی ناسراو بە دێلتا فۆرسەوە دەسبەسەر کراوە و لەو وڵاتە براوەتە دەرەوە".
پێشتر دەوڵەتی ڤێنێزۆئێلا لە بەیاننامەیەکدا ئەگەری هێرشی سەربازیی جیددیی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەیان مەحکووم کرد و بۆ ئەو مەبەستەش مادۆرۆ لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندبوو.
هەروەها چەند هەواڵدەرییەکی ئەمریکایی لەوانەش "فاکس نیووز" و "سی بی ئێس" هێرشی سەربازیی ئەمریکا لەنێو وڵاتی ڤێنێزۆئێلایان پشتڕاست کردەوە.
دۆناڵد ترامپ سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی تروس سۆشیاڵ، نووسیویەتی: "ئەمریکا سەرکەوتووانە هێرشێکی گەورەی لە دژی ڤینێزۆئێلا و نێکۆلاس مادۆرۆ بەڕێوە بردووە و نابراو لەگەڵ هاوسەرەکەی دەسبەسەر کراون".
شایانی باسە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیلـ"ـی بریتانیایی پێشتر لە ڕاپۆرتێکی ورددا باسی لە هەوڵە تێرۆریستییەکانی سەرۆککۆماری ڤێنیزۆئێلا بە هاوکاریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەمریکا کردبوو.