"ئەیبیسی نیووز" لە زاری هەندێک سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ڕۆژەکانی داهاتوو کەرەستەی زیاتری سەربازی، لەوانە ناوگرووپی "ئابراهام لینکۆڵن" ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە ڕەنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بنێردرێن، پێکهاتوون لە ناوگرووپێکی فڕۆکەهەڵگر لەگەڵ ڕەزمناوەکان و ناوشکێنە مووشەکییەکان، هەروەها یەکەیەکی فڕۆکەی جەنگیی هێزی ئاسمانی و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کە لەسەر زەوی جێگر دەبن.
ئەو کاناڵە هەواڵدەرییە هەروەها ڕایگەیاند کە لەو حەفتەیەدا ترامپ ئاگادار کرابوویەوە کە هێرشی نیزامی بۆ ئێران دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت و گیانی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەگەڵ مەترسیی جیددی ڕووبەڕوو بکاتەوە بەتایبەت ئەگەر ڕێژیمی ئێران هەست بە مەترسیی داڕمانی خۆی بکات.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لەو ماوەی ڕابردوو و دوای ئەوەیکە ترامپ بەشێکی زۆر لە هێزی سەربازیی خۆی بۆ دەسبەسەرکردنی مادۆرۆ بۆ ناوچەی کارائیب گواستبووەوە، لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوە و هێرشی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست نیگەران بوون.
شایانی باسی کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆماری ئیسلامی دوابەدوای سەرکوتی بەربڵاوی خۆپێشاندەران لە ئێران و کوژرانی هەزاران کەس بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، گەیشتووەتە لووتکە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاتر کردووە.