بەپێی زانیارییەکان لە شارەکانی کوردستان و بە دیاریکراوی لە دوو شاری سەقز و مەریوان سەرەڕای کەشی مێلیتاریزەی داسەپاو لەلایەن ڕێژیمەوە، گرانیی لەڕادەبەدەر و کەمیی پێداویستییە خۆراکییەکانی وەک برنج، ڕۆن و هێلکە ژیانی خەڵکی ئەستەمتر کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی سەقز و مەریوان گرانیی پێداویستیی خۆراکی لە ئاستێکدایە کە کیسەیەکی برنجی ١٠ کیلۆیی بووەتە ٣ میلیۆن تمەن.
ڕۆنی خۆراکی لە بازاڕدا زۆر کەم بووە و ئەگەریش هەبێت بە نرخێکی سەرسووڕهێنەر دەفرۆشرێت و هەموو کەسێک توانای کڕینی نییە.
هەروەها زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە یەک دانە هێلکە بە ٢٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
بەپێی بڕیاری ڕێژیم، هەر بنەماڵەیەک تەنیا بۆی هەیە لە ڕۆژدا دە نان وەربگرێت و لەوە زیاتر ڕێگەپێنەدراوە.
هەروەها لە کۆگای فرۆشتنی پێداویستییە خۆراکییەکان خەڵکی شارەکانی سەقز و مەریوان تەنیا دەتوانن بە کارتی کاربەری کە ڕێژیم لە مانگێکدا تەنیا یەک میلیۆن تمەنی تێ دەکات، کەلوپەل بکڕن و لەوە زیاتر بێت تووشی لێپرسینەوە دەبن.
خەڵکی شاری مەریوان بۆ کڕینی تەنیا کیسەیەک برنج و پێداویستییەکانی دیکە ناچارن بچنە سنووری باشماخ و لەوێشەوە بۆ شاری پێنجوێن و ئەوەش قەرەباڵغییەکی زۆری لەو سنوورەدا پێک هێناوە و لە دۆخی ئیستادا خەڵکی کوردستان بۆ زیندوومانەوە شەڕ دەکەن و ئەو ڕەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت تەندروستیی خۆراکیی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەکی جیددییەوە.
شایانی باسە کە خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە گرانی و بێنرخبوونی دراوی ئێرانەوە هەبووە کە لەلایەن ڕێژیمەوە لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی هێمنانەوە بوو بە خۆپیشاندان و هەتا ئێستاش هەزاران کەس بە هۆی هاتنە سە شەقام و ناڕەزایەتیدەربڕین بەشێوەیەکی بێبەزەییانە لەلایەن ڕێژیمەوە کوژراون.