کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی هێرشە سایبرییەکان دژی چالاکانی سیاسی دەرەوەی وڵات

11:40 - 27 بەفرانبار 2725

کارناسانی ئەمنییەتی دیجیتاڵ ئاگاداری دەدەن کە شەپۆلێکی نوێی هێرشە سایبرییەکان بە شێوەی پلاندانراو و بە ناوی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەرەوەی ئێران دەکەنە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشە سایبرییە ئامانجدارەکان بە شێوەیەکی نوێ دەستیان پێ کردووە کە تێیدا چالاکانی دەرەوەی وڵات بە تایبەتی چالاکانی کورد بە ئامانج دەگرن.

ئەم هێرشانە لە ڕێگەی ناردنی هەندێک ئیمەیل ئەنجام دەدرێن کە بە شێوەیەکی فەرمی ڕێک خراون و ناوی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییان تێدا بەکارهێنراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێرشبەران بە "فریودانی ڕەوانی" هەوڵ دەدەن قوربانییەکان فریو بدەن و هانیان بدەن کە فایڵێک دابەزێنن کە لە ڕواڵەتدا وەک ئامرازێکی پەیوەندیی پارێزراو ناسێنراوە.

ئەم ئیمەیلانە زۆرجار بە ناوی "ئیتلاعاتی فەراجا" نێردراون و وا پێشان دەدرێت کە بە شێوەی "هەڵە" نێردراون و زانیاریی نهێنییان تێدایە و بۆ زیادکردنی باوەڕپێکردن، ناوی دامەزراوە جیاوازە ئەمنییەتییەکان لە بەشی CC ئیمەیلەکاندا نووسراوە.

لە پاشکۆی ئەم پەیامانەدا فایڵێک بە ناوی "IranGuard" هەیە کە وا دەنوێنێ کە ئەو فایلە، ئامرازێکی پەیوەندیی پارێزراو بۆ ناردنی دەستوورە نهێنییەکان لەنێوان هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی نائاسایی و کاتی پچڕانی ئینتێرنێتە.

کارناسانی ئەمنییەتی دیجیتاڵی "کوردپا" دوای پشکنینی تەکنیکی ڕایانگەیاندووە کە ئەم فایلە بەدئەفزارێکی مەترسیدارە کە دەتوانێت زانیاریی کەسی بدزێت، پەیوەندییەکان گوێ بگرێت و دەستگاکە لە دوورەوە کۆنترۆڵ بکات.

هەروەها لە کۆتاییدا هۆشداری دراوە کە چالاکان و هاووڵاتییان لە کردنەوەی ئەم ئیمەیلانە و داگرتن یان جێبەجێکردنی فایلی "IranGuard" بە تەواوی خۆیان ببوێرن.