کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران لە بری پارەی نەوت چەکوچۆڵی پێشکەوتوو لە چین وەردەگرێت

12:02 - 27 بەفرانبار 2725

لەکاتێکدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەمارۆی بەربڵاوی وڵاتانی ڕۆژاوا و داڕمانی ئابووری بەرەوڕوویە، چین کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ڕێژیمی ئێرانە، لە بری دانی پارەی نەخت، چەکوچۆڵی پێشکەوتوو دەداتە سپای پاسداران.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانان، ماڵپەڕی "یۆراکتیڤ" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ڕۆڵی سەرەکیی وڵاتی چین لە بووژانەوەی ئابووریی ڕێژیم و تەیارکردنی سپای پاسداران بە چەکی پێشکەوتوو کردووە و نووسیویەتی: "چین بە کڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی بەرچاو، گرنگترین پشتیوانیی ماڵی و چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسدارانە".

زانیارییەکانی "یۆراکتیڤ" دەرخەری ئەوەیە کە چین لە ئێستادا کڕیاری ٩٠ لەسەدی نەوتی ڕێژیمی تارانە و باکێکی لە مەترسییەکانی دەرنجامی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکاوە نییە.

هەروەها ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگواستنی نەوتی گەمارۆلەسەری خۆی و پێشێلکردنی گەمارۆ لانیزۆرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، لە ناوگانی سێبەر کەڵک وەردەگرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، چین لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕۆڵی سەرەکیی لە بووژاندنەوەی بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا گێڕاوە.