کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێت بلاکس: بەردەوامیی پچرانی ئینتێرنێت لە ئێراندا

12:12 - 27 بەفرانبار 2725

ئەمڕۆ شەممە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، نەبوونی ئینتێرنێتی سەرانسەری لە ئێراندا پێی نایە ناو نۆیەمین ڕۆژەوە و بەپێی ئاخرین زانیاریەکانی نێت بلاکس، پاش زیاتر لە ٢٠٠ کاتژمێر پچڕانی یەکجاری و سەرتاسەریی ئینتێرنێت، بەشێوەیەکی ززۆر کەم ئینتێرنێت لە هەندێ شوێنی ئێراندا کار دەکات و ڕێژەکەی بە ٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

ناوەندی چاوەدێریی ئینتێرنێت "نێت بلاکس" ڕایگەیاند کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا، سنووری ٢٠٠ کاتژمێری تێپەڕ کردووە و ئەم دۆخە تەنانەت زیاتر لە نەبوونی ئینتێرنێت لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ بەردەوام بووە.

نێت بلاکس، سەرلەبەیانیی هەینی، کاتژمێر ٨ بە کاتی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا جەختی لەسەر نەبوونی ئینتەرنێت کردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوامیی پچڕانی ئینتێرنێت لە بارودۆخی ئێستادا، ڕێگریی لە دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە پێوەندی و زانیارییەکان کردووە و ئەمە ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی سەرکوت و پێشهاتە بەردەوامەکانی لە چاوەدێری و پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆ دور خستووەتەوە.

ئەم دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەش دا، کە لە خەزەڵوەری ٩٨یشدا، دوابەدوای هاتنەوەی ئینتێرنێت، سەرکوتە بەربڵاو و توندوتیژەکانی ڕێژیمی ئێران لە دژی ناڕازییان  بۆ ڕای گشتی ڕوون بووەوە.

ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبارەوە، دەستی بە پچڕاندنی ئینتێرنێت کرد و هاوکات لەگەڵ نەبوونی ئینتێرنێتدا شەپۆلێکی بەرفراوانی سەرکوتی دژی ناڕەزایان دەست پێ کرد.

سەرچاوە جیاوازەکان ئاماژە بە کوژران و برینداربوونی هەزاران ناڕازی لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا دەکەن، کە ئەم ڕاپۆرتانەش بەهۆی نەبوونی ئینتێرنێت، ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێنەوە.

لەم کاتەشدا، نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، خوازیاری کۆتاییهێنان بەم توندوتیژییانەن کە لە ئێراندا هەیە و هەروەها داوای گەڕاندنەوە و دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە ئینەرنێتی ئازاد و ئاگاداربوون لە زانیاریەکان دەکەن.