
برایم لاجانی
٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، وەک ڕۆژێکی بەرچاو و گرینگ لە یادەوەریی سیاسیی نەتەوەی کورددا بەگشتی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، تۆمار کراوە: ڕاگەیاندنی دامەزرانی دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد. ئەو ڕووداوە، بەتەنیا هەر ڕووداوێکی مێژوویی بۆ یادکردنەوەیەکی نۆستالژیک نییە، بەڵکوو وەک "ئەزموونێکی سیاسی" بۆ پرسە سیاسییەکانی ئێستای ئێرانیش دەرس و پەند و عیبرەتی پێیە: چۆن دەتوانرێ ئازادی، دێموکراسی و عەداڵەت، لە وڵاتێکی فرەگەل و فرەفەرهەنگدا، بەبێ ئەوەی پرسی نەتەوە ژێردەستەکانی وەک کورد بخرێتە پشتگوێ، دابین و دەستەبەر بکرێن؟
ئەمڕۆ ئێران لە شەقامەکانیدا هەناسە دەدات، سەرتاسەری خەڵکی ئێران، بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانییەوە، بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە و داوای ئازادی، دێموکراسی و کەڕامەتی ئینسانی دەکا. بەڵام ئەزموونی سەد ساڵی ڕابردوو نیشان دەدات کە لاوازبوون یا ڕووخانی سیستەمێکی تۆتالیتەر، بۆ خۆی بەتەنیا، ناتوانێ ببێتە هۆی دامەزراندنی نیزامێکی دێموکراتیکی پایەدار. دێموکراسی پێویستی بە "تەلارسازی و ئەندازیاریی سیاسی" هەیە: یاسا، دابینکردنی ماف و ئازادییەکان، حەقی بەشداریی وەک یەک بۆ هەموو هاووڵاتیان لە کاروباری وڵاتدا، هەروەها بەڕەسمی ناسین و قبووڵکردنی جیاوازییە ئیتنیکی، ئایینی، زمانی و فەرهەنگییەکان. ڕاست لێرەدایە کە میراتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆماری کوردستان زیندوو دەبێتەوە، بەڵام نەک وەک نوسخەیەکی حازر و ئامادە، بەڵکوو وەک چرایەک کە مەترسی و ئیمکانات و دەرفەت و شانسەکانی سەر ڕێگامان نیشان دەدا.
کۆماری کوردستان لە کۆنتێکستی مێژوویی خۆیدا
دامەزران و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، هەورەبروسکە نەبوو لە ئاسمانێکی ساودا، واتە ڕووداوێک نەبوو لە بۆشاییەکی خاڵیدا ڕوو بدات. ئێران، لە دەیەی ١٣٢٠ی هەتاویدا، هاوکات لەگەڵ گەلێک قەیران و گیروگرفتی گەورە بەرەوڕوو بوو: ڕووخان و لەبەریەک هەڵوەشانی دەسەڵاتداریەتیی دەوڵەتی مەرکەزی پاش داگیرکرانی ئێران لە ئاکامی شەڕی دووەمی جیهانیدا، بارودۆخی نالەباری ئابووری و بڵاوبوونەوەی هەژاری و نائەمنی، ململانێی هێزە دەرەکییەکان، سەرهەڵدانی گەلێک بزووتنەوەی سیاسی و دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆر.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کۆمەڵگەی کوردستان، کە ساڵانێکی زۆر بوو بە ئێسک و پێستەوە، هەستی بە جیاکاری و ستەمی سیستەماتیک، دواکەوتوویی و بێبەشیی ئابووری، سەرکوتی فەرهەنگی و سیاسی کردبوو، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتبوو کە داخوازەکانی خۆی بە زمانێکی سیاسی و مۆدێرن بێنێتە گۆڕێ: خودموختاری و مافی بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی، مافی پەروەردە و خوێندن و ژیانی فەرهەنگی بە زمانی کوردی، خۆڕێکخستنی سیاسی، بەشداریی ڕاستەقینە لە ئیدارەی دەوڵەت و دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتدا.
ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا، نوێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە پرسی کورد، نەک کێشەیەکی ئەمنی، بەڵکوو مەسەلەیەکی تەواو سیاسی و حقوقییە. کۆماری کوردستان نیشانی دا کە گەلی کورد، لە ڕێگای خۆڕێکخستنی سیاسی، دامەزراندنی دامەزراوەی مۆدێرن، پشت بەستن بە سەرچاوە و ئیمکاناتی کۆمەڵگەی کوردی، دەتوانێ مۆدێلێکی دێموکراتیک بۆ ئیدارەی کاروباری هەرێمی، بەشداریی بەکۆمەڵ و دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی بەدەستەوە بدات. هەرچەند تەمەنی کۆماری کوردستان کورت بوو، بەڵام خودی ڕووداوی ڕاگەیاندن و دامەزرانی کۆماری کوردستان هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە: نەتەوەکان ئەگەر بەڕەسمی نەناسرێن و هەوییەت و ناسنامەیان بخرێتە ژێرپێ، درەنگ یا زوو بۆ ئازادی و ڕزگاری دەست بە خەبات دەکەن و نیری ژێرچەپۆکی لە ئەستۆی خۆیان دادەڕنن.
بایەخی کۆماری کوردستان لە چوونەپێشی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا
کۆماری کوردستان گەلێک دەسکەوتی پڕبایەخ و مێژوویی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد: یەکەم، داخوازە پڕشوبڵاوەکانی کوردی لە شێوەی پڕۆژەیەکی سیاسیدا ڕێکخست. پێش ئەودەمیش خەبات و بەربەرەکانی لەگۆڕێدا بوو، بەڵام کۆماری کوردستان داخوازە پڕشوبڵاوەکانی کوردی لە فۆرمی بەرنامەیەکی سیاسیدا ڕێکخست: حیزب، بەرنامەی سیاسی، ڕێبەرایەتی، سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئاسۆ و ڕێبازێکی سیاسیی ڕوون.
دووەم، پرسی ناسنامە و هەوییەتی نەتەوەیی و فەرهەنگی لەگەڵ سیاسەتێکی مۆدێرن و هاوچەرخ لێک گرێ دا. کۆماری کوردستان مەسەلەی ناسنامە و فەرهەنگی کوردی لە چوارچێوەی بچووکی فۆلکلۆری و خێڵەکی هێنایە دەر و خستییە چوارچێوەی مافی هاووڵاتی و حەقی دیاریکردنی چارەنووس، واتە ئەو جێگایەی کە دەوڵەتەکان نەک هەر نابێت سەرکوتی بکەن، بەڵکوو دەبێت لە بەرانبەر پیادەکردنیدا وەڵامدەر بن.
سێهەم، تۆمارکردن و بەدەستەوەدانی ئەزموونی حوکمڕانییەکی خۆماڵی. هەرچەند ئەو حوکمڕانییە خۆماڵییە کورت ژیا، بەڵام بە شاهیدی مێژوو ئەزموونێکی ئیداری و حکوومیی زۆر سەرکەوتوو بوو. ئیدارەی کاروباری هەرێمی، پەروەردە و فێرکردن، ژیانی فەرهەنگی و کولتووری، سازماندانی هاوپێوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ ناوەند و ئەیالەتەکانی دیکە. لەخۆڕا نییە ئەو تاقیکردنەوەیە وەک تەجروبەیەکی سەرکەوتوو لە یادەوەریی بەکۆمەڵی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا، بە خەتی زێڕین تۆمار کراوە. نەتەوەکان تەنیا هەر بە دروشمی سیاسی ناژین، بەڵکوو بە وەسەریەکنانی ئەزموون و تاقیکردنەوە گەشە دەکەن و دەچنە پێش. جا با تێکشان و پاشەکشەش بێت.
پێشەوا قازی، سیمبولی خەبات و تێکۆشان
ناوی پێشەوا قازی لەو ڕیوایەتەدا، وەک ئەستێرە و ڕەمز لە ئاسمانی خەباتی گەلی کورددا دەدرەوشێتەوە. ئەو دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و یەکێک لە سیمبولە گەورەکانی سیاسەت و خەباتی گەلی کوردە. شەهیدبوونی پێشەوا و لەداردانی (دەگەڵ هاوڕێکانی) تەنیا هەر کۆتاییەکی پڕ لە تراژیدیی حاکمییەتی کوردی نەبوو، بەڵکوو بوو بە ڕەمزێکی هەمیشەیی و "سیمبولێکی مێژوویی" بۆ خەباتی نەتەوەی کورد. تاران بە لەداردانی پێشەوا قازی دەیەویست ئەو پەیامە بدات کە: کوردایەتی و سیاسەتوەرزیی کوردی نرخ و تێچووەکەی زۆرە. باشتر وایە کورد ئەو بیرە لە سەری خۆی بەرێتە دەر. بەڵام مێژوو زۆر جار شۆخییەکی تاڵ لە خۆی نیشان دەدات. هەندێک جار سەرکوت و زەبروزەنگ ڕەمز و سیمبولی گەورە و پڕنرخ دروست دەکات. ئێستا قازی محەممەد بووە بە ڕەمزی کوردایەتی و سیمبولی "مافخوازیی سیاسی" لە بیر و یادی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا. ئەو دەرسەشی بۆ دوژمنانی کورد تێدایە کە خەباتی گەلی کورد بۆ ئازادی بە گرتن و کوشتن و لەسێدارەدانی ڕێبەرانی کوردستان لەبەین ناچێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
هەر لێرەش دایە ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ڕێکخراوێکی سیاسی، کە سوننەتی ئەو خەبات و تێکۆشانە دەباتە پێش، لە بیر و زەینی خەڵکی کوردستاندا دەچەسپێ. سوننەت و نەریتێک کە سنوورەکانی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی ئاسایی دەبەزێنێ و نزیکەی سەدەیەک ئاڵای درێژەپێدانی هەڵدەگرێ. چ موافقی سیاسەت و تاکتیکەکانی حیزبی دێموکرات بین یا نا، ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو حیزبە ئێستا بووەتە ڕێبەریی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و ئەکتەرێکی گەورەی سەر شانۆی سیاسەتی کوردستان و ناوچەکە. هەر ئەوە بۆ خۆی دەسکەوتێکی گەورەیە. ئاخر بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی گەلان، بەبێ ڕێکخستن، بەبێ ڕێبەرایەتییەکی سیاسی بەئەزموون، بەبێ ڕێتۆریکێکی بەرنامەتەوەر، بەبێ نوێنەرایەتییەکی پێشڕەو، لە بەرانبەر دەوڵەتە بەهێز و سەرەڕۆکاندا، دەوام ناهێنن.
دەرسەکانی کۆماری کوردستان بۆ ئەمڕۆ
ئەگەر دامەزرانی کۆماری کوردستان تەنیا وەک "ڕووداوێکی مێژوویی" ببینین، ئەوە دووی ڕێبەندان تەنیا دەبێتە مەراسیمێک بۆ یادکردنەوەی ساڵڕۆژێک. بەڵام ئەگەر وەک "دەرسێکی سیاسی و ئەزموونێکی مێژوویی" تەماشای بکەین، دەتوانێ ببێتە ئامرازی تەفسیر و لێکدانەوەیەکی سیاسیی قووڵ. گرنگترین دەرسەکانی ئەو ئەزموونە مێژووییە بۆ دۆخی ئێستای ئێران دەکرێ بەو جۆرە کورت بکەینەوە.
یەکەم، دێموکراسی بەبێ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوە بندەستەکان شکست دێنێ. دێموکراسی بەتەنیا هەر سندوقی دەنگدان نییە، بەڵکوو دابین و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلان و هاووڵاتیانە. ئەگەر سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران مافی وەک یەکی هەموو گەلان و نەتەوە بندەستەکانی ئێران، کولتوور و فەرهەنگ و دین و مەزهەب و زمانە جۆراوجۆرەکان دابین نەکات، ئاکامەکەی دەبێتەوە سەرەڕۆیی. ئەوەش قەیرانی لێ دەکەوێتەوە. لە ئاکامدا دەورەیەکی دیکە لە خەبات و بەربەرەکانیی گەلان دەگەڵ حکوومەت، بێمتمانەیی لە نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت، کێشەی نێوان تاران و هەرێمەکان سەرهەڵدەداتەوە و دەورەیەکی دیکە لە سەرکوت و زەبروزەنگ دەست پێ دەکاتەوە.
دووەم، یەکپارچەیی دەگەڵ ئەسیمیلاسیۆن و تواندنەوە و یەکسانسازی فەرقی هەیە. بە شێوەیەکی ئاسایی، تەواویەتخوازی لە پشت سەری هەندێک تێرمی پیرۆز وەک "پاراستنی تەواویەتیی ئەرزی" خۆی حەشار دەدات. بەڵام لە کردەوەدا ئەو سیاسەتە دەبێتە ئەسیمیلاسیۆن. واتە تواندنەوەی هەوییەت و ناسنامەی فەرهەنگی و نەتەوەیی گەلانی دیکەی وڵات لە چوارچێوەی بەرنامەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا. ئەزموونی کۆماری کوردستان ئەو دەرسەی تێدایە کە دەکرێ هەم ئێران بمێنێتەوە و هەم مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەش دابین و دەستەبەر بکرێن. ئەوەش کاتێک ئیمکانی هەیە کە ئێران ماڵ و وڵاتی هاوبەشی هەمووان بێت، نەک پڕۆژەیەکی سیاسی بێت بۆ تواندنەوەی هەموو پێکهاتە و کولتوور و فەرهەنگ و جیاوازی و ڕەنگ و دەنگە جۆراوجۆرەکان لە چوارچێوەی فەرهەنگ و هەوییەتێکی تایبەتیدا.
سێهەم، بەئەمنیکردنی پرسی کورد، قەیرانەکە نەک هەر چارەسەر ناکات بەڵکوو قووڵتریشی دەکاتەوە.
ئەزموونی ئێران و وڵاتانی دیکەش دەری دەخات کە هەر کاتێک داخوازە نەتەوەیی و مەدەنییەکان وەک هەڕەشەی ئەمنی پێناسە کراون، ئاکامەکەی بریتی بووە لە ڕادیکاڵتربوونی فەزاکە و داخرانی هەموو کەناڵەکانی گفتوگۆ و دیالۆگ. ئەزموونی کۆماری کوردستان نیشان دەدات کە کێشەی کورد دەکرێ لە ڕێگای وتووێژ و سیاسەتەوە چارەسەر بکرێ نەک لە ڕێگای سەرکوت و هێرش و پەلاماری نیزامییەوە. ئێستا بەتەواوی لە هەموو ناوچەکەدا دەرکەوتووە کە مەسەلەی کورد ڕێگاچارەی نیزامی نییە.
چوارەم، بەدامەزراوەییکردن و نوێنەرایەتی مەرجی ژیانەکین.
بزووتنەوە جەماوەرییەکانی سەر شەقام و ڕاپەڕینە گشتییەکان ماتۆڕی گۆڕانکارین، بەڵام بۆ گەیشتن بە دێموکراسی پێویستیمان بە یاسای بنەڕەتی، تەوافوقی سیاسی، زەمانەتی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان هەیە. کۆماری کوردستان، تەنانەت ئەگەر هەڵە و کەموکوڕیشی هەبووبێت، هەوڵێک بوو بۆ دەزگاسازی و دامەزراوەییکردنی دێموکراسی. ئەمڕۆش بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی سەرانسەری لە ئێراندا، ئەگەر لەسەر گەڵاڵەیەکی هاوبەش بۆ داهاتووی ئێران پاش تێپەڕین لە دیکتاتۆریی ئاخوندی، ساخ نەبێتەوە، ئیمکانی شکست و بەلارێدابردن و دەستبەسەرداگرتنی یەکجار زۆرە.
دامەزراندنی سیستەمێکی سیکۆلار و دێموکراتیکی فرەگەلی لە ئێراندا، ڕێگاچارەیەکی واقعبینانەی دۆخی ئێستای وڵاتەکەمانە.
ئێستا کە کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی ئێران بۆ وەلانانی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ و وەدەستهێنانی ئازادی و دێموکراسی لە حاڵی خەبات و ڕاپەڕینێکی بەریندان، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە پاش ڕووخانی حکوومەتی ئاخوندی چ نەزمێکی سیاسی لە ئێراندا دەبێت دامەزرێ؟
ئەگەر وەڵام تەنیا هەر گۆڕانی سیمای حاکمان و دەسەڵاتداران بێت، قەیرانەکە سەرلەنوێ سەرهەڵدەداتەوە. بەڵام ئەگەر وەڵام بریتی بێت لە دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتی ئەوتۆ کە بتوانێ نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە و کولتوور و فەرهەنگ و دین و مەزهەب و نەتەوە بندەستەکانی ئێران بکات، ئەودەم ئومێدێکی ڕاستەقینە شکڵ دەگرێ.
ئێرانی دێموکراتیک یانی چی؟
بەرانبەریی هەموو هاووڵاتیان بەبێ هیچ چەشنە جیاکارییەکی نەتەوەیی، زمانی، فەرهەنگی، دینی و مەزهەبی و جنسییەتی.
دیسەنتڕالیزاسیۆن و دابەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری بەسەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا و ئەسپاردنی کاروباری هەرێمی بە ئیدارەی حکوومەتە خۆجێیی و خودموختارییەکان لە چوارچێوەی ئێراندا.
بەڕەسمی ناسینی مافی خوێندن و پەروەردە و فێربوون و بەڕێوەبردنی کاروباری فەرهەنگی و میدیایی بە زمانی زکماکی بۆ هەموو گەلانی ئێران و یەک لەوان گەلی کورد وەک مافێکی سروشتی نەک ئیمتیازی سیاسی.
دەستەبەرکردنی مافی بەشداریی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و جنسی و ئایینییەکان لە ئیدارەی کاروباری وڵات و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیدا.
دابینکردنی عەداڵەتی دەورانی تێپەڕین لە دیکتاتۆریی ئاخوندیەوە بۆ دەورانی تازە. پێکهێنانی دادگا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی لە لایەن حکوومەتەکانی ناوەندییەوە بە گەلانی بندەستی ئێران ڕەوا بینراوە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و بنەماڵەکانیان. چونکە تا عەداڵەت دابین نەکرێت، متمانە و ئیعتماد دروست نابێت.
ئەوانە هیچ کامیان بە جیاوازیخوازی لەقەڵەم نادرێن. بەڵکوو ئەلفوبێی دامەزراندنی دێموکراسین لە وڵاتێکی فرەگەل و فرەفەرهەنگی وەک ئێراندا. دێموکراسیی ڕاستەقینە واتە دەوڵەتی ناوەندی لە جیاتی ترس لە فرەچەشنی، بێت لە ڕووی ئیداری و حقوقی و سیاسییەوە مودیرییەتی بکات.
کەواتە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان هەم دەتوانێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداری بێت و هەم دەکرێ وەک مایەی ئومێدیش تەماشای بکەین.
لەو ڕووەوە ئاگادارکردنەوەیە کە وەبیرمان دێنێتەوە بەڕەسمی نەناسینی مافی نەتەوەکان، تەنیا قەیرانەکە حەواڵەی داهاتوو دەکات و بەس. لەو ڕووەشەوە جێگای هیوا و مایەی ئومێدە کە نیشانی دەدات تەنانەت لە هەلومەرجە سەخت و دژوارەکانیشدا، لە ژێر سەرکوت و زەبروزەنگی تووندیشدا، ئیمکانی ئەوە هەیە کە گەلانی بندەست بۆ ئازادی و ڕزگاریی خۆیان خەبات بکەن، حیزب و نهاد دامەزرێنن و سیاسەتوەرزی بکەن و داخوازەکانی خۆیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی دێموکراتیکدا بەرنەپێش و پشتیوانیی بیروڕای گشتیی دنیا بۆ لای خەباتی خۆیان ڕاکێشن.
ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک، ئەگەر بەڕاستی ئازاد و دێموکراتیک بێت، دەبێت مافە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانی گەلانی ئێران لە خۆیدا جێ بکاتەوە. نەک وەک مەسەلەیەکی لاوەکی، بەڵکوو وەک پرەنسیپێکی سەرەکی بۆ دامەزران و سەقامگیرکردنی دێموکراسی. ئەزموونی کۆماری کوردستان ئەوەمان فێر دەکات. دێموکراسی لە ئێراندا بەبێ چارەسەری عادڵانەی پرسی کورد و گەلانی دیکەی ئێران، یا دانامەزرێ، یا داشمەزرێ دەوام ناهێنێ.
لە دونیایەکدا کە هەموو شتێک بە شێوەیەکی تووند لێک گرێ دراوە، ئەزموونی دامەزران و لەناوچوونی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، دەتوانێ ببێتە نەخشەڕێگای دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێرانی ئایندەدا. بەو مەرجەی مێژوو نەک بۆ شینگێڕی بەڵکوو بۆ لێفێربوون بخوێنینەوە.