کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیری نەتەوەیی لە گۆڤاری نیشتمانەوە بۆ ڕۆژنامەی "کوردستان"

09:26 - 28 بەفرانبار 2725

عومەر باڵەکی

ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی ئێستادا بە یەکێک لە بنەماکانی شارستانییەت دێتە ئەژمار و تەنانەت لە وڵاتانی دێموکراتیکدا ڕۆژنامە بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێ. بەو مانایە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن دەبنە دەنگی خەڵک بەسەر دەسەڵاتەوە و بە لەقاودانی بابەتەکان و ڕۆشنگەری لەنێو کۆمەڵگە ڕێگری دەکەن لە قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن دەستە و تاقمێکەوە.

 لە سەدەی بیستەمدا کە پیشەسازی و ئاڵوگۆڕەکانی جیهان پێشکەوتنی خێرای بەخۆیەوە دەبینی و گواستنەوەی زانیاری و هەواڵ وەک پێویستێکی هەنووکەیی خۆی دەنواند، گەلی کوردیش بەدەر نەبوو لەو پێویستییە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی کە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەزا پەهلەوی لە تاران، پایتەختی ئێران هەرەسی هێنابوو و ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بۆشایی دەسەڵاتی ناوەندی بەتەواوی تێدا هەست پێ دەکرا و جموجۆڵی تێکۆشەرانی کورد بە ئاشکرا و نهێنی لەژێر ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەستی پێکردبوو. بە دەرکی ئەو ڕاستییە کە پێشتر باس کرا، ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژێ - کاف و لە دواییدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ هەموو بێ‌ئیمکاناتییەک کە هەیانبووە، هەوڵیان داوە لە ڕێگای گۆڤار و ڕۆژنامە لەنێو کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستاندا ڕۆشنگەری بکەن و خەڵکی کوردستان بە مافەکانیان و شێوازی خەباتی گەلان ئاشنا بکەن. ئەوەتا لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمان (١٣٢٢) لە سەروتاردا لەژێر سەردێڕی "ئامانجی ئێمە"دا دەنووسێ:

 "... کۆمەڵەی ژێ - کاف بڕیاری داوە بۆ ڕووناککردنەوەی بیری نەتەوەی کورد و دۆزینەوەی هۆی چارەڕەشی و دواکەوتنی ئەم میللەتە بەستەزمان و بێ‌دەسەڵاتە لە هیچ فیداکارییەک ڕوو وەرنەگێڕێ و لەسەر بڕیاری هەیئەتی ناوەندی کۆمەڵە ئەو گۆڤارە دەردەچێت تا بەرەبەرە هەر چەوت و ناڕەواییەک لە ژیانی کورددا هەیە پێشانی بدا و ببێتە شارەزای نەتەوەی کورد لە ڕێگای سەربەستی و سەربەخۆییدا. بەدوای ئەوەدا بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکان و پێویستیی بارودۆخەکە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما فکری و تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵەی ژێ - کاف دامەزرا. بە جێگای گۆڤاری "نیشتمان"، ئەمجار گۆڤاری "کوردستان" کە ژمارەی ١ی لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ دەرچوو و لەسەر ڕووبەرگەکەی نووسراوە: "بڵاوکراوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان"، واتە هەڵگری پەیام و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە لە یەکەم ژمارەدا لە لاپەڕەی یەکەمدا لەژێر سەردێڕی "خوێندەوارانی بەرز" باس لە ڕوانگەی گۆڤارەکە دەکەن و دەڵێن: "کوردستان گۆڤارێکی ئەدەبی، تاریخی و کۆمەڵایەتییە کە یەکەم ئامانجی بووژانەوەی زمان و ئەدەبیاتی کوردییە و زیندووکردنەوەی کورد و کوردستانە". بەڵام لە چاپ و بڵاوبوونەوەی گۆڤاری کوردستان زۆر تێ نەپەڕی کە بەهۆی نیاز و بارودۆخی ئەو کات، بە لێکدانەوەی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەرەو وەدیهاتنی خەونی سەدان ساڵەی کورد هەنگاویان دەنا، بە پێویستیان زانیوە کە گۆڤاری کوردستان شێوە و نێوەڕۆکی خۆی بگۆڕێ و بچێتە قاڵبی ڕۆژنامە کە بتوانێ خێراتر هەواڵ و ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و ئێران و جیهان بگەیەنێتە دەستی خوێنەری کورد. بۆیە لە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤ یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان چاپ و بڵاو بووەتەوە کە سەرنووسەر لە وتارێکی کورتدا لەژێر سەردێڕی "ئامانجی ئێمە"دا هەم مزگێنیی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بە خەڵک دەدا و هەم لە کۆتایی وتارەکەدا ئامانجی ڕۆژنامەکە بەو شێوەیە دەخاتە ڕوو:

 "ئێمە بە دڵماندا نەدەهات خاوەنی چاپخانە و ئینتشارات بین. ئەوا بە یارمەتیی خودا نامەی کوردستان داندرا و یەکەم ژمارەی بڵاو کراوە، ئەم نامەیە کە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بڵاو دەبێتەوە دەیهەوێ قەڵایەکی ئاسنین و پۆڵایین لە ئیتحاد و برایەتی بێنێتە بەرهەم کە بناخەکەی بە زانست و هونەر و لەشساغی داندرابێ و بتوانێ دەگەڵ سێڵاوی دووبەرەکی و بەدبینی و هەموو جۆرە ڕەوشتێک کە بۆ سەربەستی زەرەری هەبێ بەربەرەکانی بکا. هیوامان وایە ئەم قەڵایە کە خەریکین قائیمی بکەین، وەها قائیم و بەهێز بێت کە هیچ هێزێک نەتوانێ بەربەرەکانی لەگەڵ بکا..."

 هەرچەند ماوەی تەمەنی ڕۆژنامەی کوردستان لەو سەردەمەدا لەگەڵ تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان بوو، بەڵام دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بۆ گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان قەڵایەک بوو بۆ پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی، لە هەمان کاتدا لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی هەستی نەتەوەیی تەجروبەیەکی نوێ بوو. لە مێژووی هاوچەرخدا و لە سەردەمانێک کە شۆڕش و جووڵانەوەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو دەوڵەتانەی خاک و نەتەوەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە و بە هەموو جۆرێک ئەو دەوڵەتانە خەریکی تواندنەوەی زمان و کولتووری کورد بوون لەنێو زمان و کولتووری نەتەوەی باڵادەستدا، دەتوانین بڵێین چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ بووژانەوەی زمان و کولتووری کورد و ئاشناکردنی تاک و کۆمەڵگەی کوردستان بە مافەکانی. ئەگەر چاو بە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی کوردستاندا بخشێنین، دەبینین زمانی نووسینی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی خەمخۆرانی نەتەوە و نیشتمانپەروەرانی کوردە. نووسەرانی ڕۆژنامەی کوردستان هەوڵیان داوە بەپێی ئیمکاناتی بەردەستیان پێش هەموو بابەتێک بە دەرکی ئەو ڕاستییە کە زمان کۆڵەکەی ئەسڵی نەتەوەیە، پەرە بە زمانی کوردی بدەن و خوێندەوارانی کوردستان هان بدەن بە زمانی کوردی بنووسن و بابەت بۆ ڕۆژنامەی کوردستان بنێرن و لە هەمان کاتدا بابەتە سیاسییەکان بە زمانی کوردی و بە ڕاوێژێکی سادە بگەیەننە دەستی خوێنەری کورد.

ئەگەر ڕۆژنامەی کوردستان لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژی کارکردنی، واتە هەشتا ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی ڕووناکبیران و کەسانی دیاری کۆمەڵگەی ئەو کات دامەزرا، بەڵام لە دواییدا بوو بە قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵێک لاو و گەنجی کوردستان کە زۆربەی هەرە زۆریان جێ‌ پەنجەیان بە مێژووی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دیارە. ڕۆژنامەی کوردستان کە پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان زمانحاڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، لە دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەبێتە زمانحاڵی کۆماری کوردستان و تەواوی بابەت و بڕیار و ڕاسپاردە و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە حکوومەتی کۆماری کوردستانی تێدا بڵاو کراوەتەوە. بەداخەوە هەروەک گوترا، بە ڕووخانی کۆماری کوردستان و گیران و زیندانی و ئیعدامی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، ڕۆژنامەی کوردستان کە ١١٣ ژمارەی چاپ و بڵاو بووە، بۆ ماوەیەکی زەمەنی داخرا؛ بەڵام بە هەوڵ و هیممەتی تێکۆشەرانی دێموکرات لە چەندین قۆناغی جیاوازدا و بەپێی بارودۆخی ڕەخساو، ڕۆژنامەی کوردستان گیانی گرتووەتەوە و لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی خۆی چاپ و بڵاو بووەتەوە. ماوەیەک لە دەرەوەی وڵات و لە تاراوگە لەسەر دەستی دوکتور قاسملوو ڕۆژنامەی کوردستان درێژەی بە ژیانی خۆی داوە، بەڵام لە دوای ئەوەدا ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٣٤٩ وەک ئۆرگانی فەرمیی کۆمیتەی ناوەندی حیزب لەسەر دەستی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب دووپاتە گیانی وەبەر هاتووەتەوە و بێ پسانەوە و بەپێی بارودۆخی حیزب هەتا ئێستا ٩١٠ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەوە لە بارودۆخێکدایە کە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەی کوردستان لەسەر یەک تەنیا چەند ساڵ بە ئازادی چاپ و بڵاو بووەتەوە، مابەقی تەمەنی ڕۆژنامەی کوردستان لە تاراوگە و بەپێی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و جێگیربوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژەی بە کارەکانی داوە.

بەڵام حەق وایە ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین کە لە هەموو هەلومەرجێکدا ڕۆژنامەی کوردستان ڕەسالەت و بنەما فکرییەکانی خۆی کە لەسەری دامەزراوە لەدەست نەداوە و لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی پەرەپێدان بە هەستی نەتەوەیی درێژەی بە ئەرکەکانی خۆی داوە و هەموو کات بەشێکی گرنگ بووە لە خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمان کاتدا لە گەیاندنی زانیاریی دروست و بەکەڵک لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستی بۆ خوێنەری کورد غافڵ نەبووە و بەو کارە هەوڵی داوە ئاستی زانیاری و بەئاگا بوونی خەڵکی کوردستان لە بواری نەتەوەیی و شوناسخوازی و دونیای دەورووبەری بباتە سەرێ. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی کوردستان وەک ئەرکێکی گرنگ و نەتەوەیی هەوڵی داوە بە دۆکیومێنتکردنی خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵە فیداکارەکانی حیزب و گەل و تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ببێتە سەرچاوەیەکی جێگای باوەڕ کە دەتوانرێ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان قۆناغ بە قۆناغ لە دووتوێی ڕۆژنامەی کوردستاندا بخوێندرێتەوە و شن و کەو بکرێن و لێکدانەوەیان لەسەر بکرێ بۆ بەرچاوڕوونی داهاتوو. بەپێی خوێندنەوە بۆ ڕابردووی هەشتا ساڵەی ڕۆژنامەی کوردستان بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو ڕێچکە و ڕێبازە ڕۆشنگەری و نەتەوەییەی بۆ گۆڤاری "نیشتمان" و گۆڤاری "کوردستان" لە لایەن ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات دەستنیشان کراوە، بەتەواوی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا جێی گرتووە و ڕەنگی داوەتەوە و دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکی حیزبییەوە بووەتە بڵاوکراوەیەکی نەتەوەیی کە خاوەنداریەتی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.