کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی، هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی مەترسیدار و سیستماتیکی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و زیادبوونی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، سیاسەتێکی فرەچین لە سەرکوتی خوێناوی، گەمارۆی دیجیتاڵی و میلیتاریزەکردنی کەشی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێبەجێ کردووە. ئەم سیاسەتانە نەک هەر بە شێوەیەکی بەرفراوان مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان پێشێل دەکەن، بەڵکوو بەڕوونی نموونەی سزادانی بەکۆمەڵن دژ بە نەتەوەیەک.
لەو حاڵەتە نیگەرانکەرانە، دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین:
- گەمارۆی دیجیتاڵی و داخستنی بەرفراوانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بڕینی پەیوەندیی خەڵک لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
- میلیتاریزەکردنی بێ وێنەی شار و گوندەکانی کوردستان، بوونی بەربڵاوی هێزی چەکدار، دانانی خاڵی پشکنین و دروستکردنی کەشی ترسی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان.
- دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و بەربڵاوی چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی، پیشویی و مافی مرۆڤ بەبێ ئەوەی بڕیارێکی دادوەری ڕوون بدرێت یان کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ڕەچاو بکرێت.
- دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیی چالاکوانان بە ئامانجی دەرهێنانی زانیاریی کەسی ، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و دروستکردنی گوشاری ئەمنیی زیاتر.
- گوشاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە دەرەوەی وڵات، لە ڕێگەی بانگهێشتکردن و هەڕەشە و لێپرسینەوە و سنووردارکردنی ئەمنی، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرەنسیپی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی و مافی خێزانەکانە.
کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە پلانێکی سیستماتیک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان و دروستکردنی ترسی گشتی و پێشگرتن لە هەر هەوڵێکی مەدەنی و ئاشتیانە لە کوردستان.
ئێمە، داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئەورووپا، ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا سەربەخۆکان دەکەین کە دەستبەجێ، کاریگەرانە و بەرپرسیارانە وڵامی ئەم دۆخە بدەنەوە و لێپرسینەوە لە ڕێژیمی ئێران بکەن.
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆمیتەی مافی مرۆڤ
١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦