ڕۆژنامەی بریتانیایی "ساندی تایمز" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکان، ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لانیکەم ١٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی کوژراون و نزیکەی ٣٣٠ هەزار کەس بریندار بوون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆربەی قوربانییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی بەردەوامیی توندوتیژی، پێنجشەممە ١٨ و هەینی ١٩ی مانگی بەفرانبار گیانیان لەدەست داوە.
ساندی تایمز ئەم ڕووداوەی "وەحشیانەترین سەرکوتی ڕێژیمی ئاخوندی لە ٤٧ ساڵ تەمەنی خۆی" ناو بردووە.
ئەم ڕاپۆڕتە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ "فاکسنیووز" ڕایگەیاندبوو کە تەنیا چەند سەد کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون.
لە هەمان کاتدا، میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە عەلی خامنهیی لە وتارێکی ڕۆژی شەممەدا کوشتنی چەند هەزار هاووڵاتی پشتڕاست کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، ڕژێمی ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دژی خەڵکی ناڕازی و خامنەیی تا ئێستا چەندین جار دەستووری کوشتاری خەڵکی ناڕازیی ئێرانی دەرکردووە.
لە بەرامبەردا، دونالد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، علی خامنهیی بە "کەسێکی نەخۆش" ناو برد و وتی ئێران "لەژێر ڕێبەری لاوازدا، خراپترین شوێنە بۆ ژیانکردن لە جیهاندا".
ترامپ پێشترش ڕایگەیاندبوو کە ڕەنگە هەر نەکرێت کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەر ناو ببەین، چۆن تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژییەوە حکوومەت دەکات.