لە نوێترین هەڵوێستی وڵاتانی جیهان لەمەڕ کردەوە تێرۆریستییەکانی ناوەند و هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، وڵاتی ئارژانتین لە بڕیارێکی مێژووییدا هێزی قودسی سپای پاسداران و ١٣ کەسایەتیی پێوەندیدار لەگەڵ باڵی دەرەکیی ئەو هێزەی خستە پێڕستی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە.
خاویێر میلی سەرۆککۆماری ئارژانتین ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار، بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی هێزی قودسی سپای پاسدارانی ڕێژیم و ١٣ کەسایەتیی پێوەندیدار بە باڵی دەرەکیی سپای پاسدارانی پەسەند کرد.
لەو بڕیارەی سەرۆککۆماری ئارژانتیندا هاتووە کە هێزی قودس وەک بەشێک لە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پسپۆڕانە لە بارهێنان، ڕێکخستن و پشتیوانیی عەمەڵیاتە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی ئێران چالاکی دەکات.
شایانی باسە لە دەیەی ١٩٩٠ی زایینیدا هێزی قودسی سپای پاسداران لە هێرشێکی مەرگهێنەردا باڵوێزخانەی ئیسرائیلی لە بوینێس ئایرێس کردە ئامانج و لە ئاکامدا نزیک بە ٢٩ کەس کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی هێزی قودسی سپای پاسدارانەوە بە ماشینێکی بۆمبڕێژکراو ناوەندی کۆمەڵگەی یەهوودییەکانی لە ئامیای ئارژانتین تەقاندەوە و بەو هۆیەوە ٨٥ کەس کوژران و ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون و ئەو هەوڵەی سپای پاسداران بە یەکێک لە کارەساتبارترین کردەوە تێرۆریستییەکان لە مێژووی ئەو وڵاتە بە ئەژمار دێت.
بەتێرۆریست ناساندنی هێزی قودس سەر بە سپای پاسداران لەلایەن ئارژانتینەوە لە کاتێکدایە کە ئەو هێزە سەرکوتکەرەکەی ڕێژیم ناڕەزایەتیی ئاشتییانەی ئەم دواییانەی نەتەوەکانی ئێران بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکات و دەست لە خەڵکی خۆی ناپارێزێت.
هەر لەو پێوەندییەدا لە ئاکامی کردەوە تێرۆریستییەکانی هێزی قودسی سپای پاسداراندا نەتەوەی کورد و هێزە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرووی هەموویانەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشکی شێریان بەرکەوتووە و دوو ڕێبەر و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات دوکتور عەبدولڕەحان قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و زیاتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگە بە دەستی ئەم هێزەی ڕێژیمەوە تێرۆر کراون.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایینی بەرابەر لەگەڵ ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی، دادگایەکی بێرلین، حوکمی مێژوویی دەر کرد و تێیدا ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی، ڕەفسەنجانی و فەلاحیانی سەبارەت بە بڕیاردانی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە تاوانبار ناساند.
هەتا ئێستا ئەمریکا، کانادا، ئیسرائیل، عەرەبستان، بەحرەین و ئێکوادۆر و ئوستورالیا سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان وەکوو گرووپی تێرۆرستیی جیهانی ناساندووە.