کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خەریکی چەواشەکردنی ڕاستییەکان بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی خۆیەتی

12:29 - 28 بەفرانبار 2725

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پچڕاندنی هێڵەکانی ئینتێرنێت و بەسەرچاوەکردنی میدیا نێوخۆییەکەی خۆی خەریکی چەواشەکردنی ڕاستیی ڕووداوەکانە.

لە نوێترین هەوڵدا میدیاکانی ڕێژیم بە ڕاکێشکردنی ئەو خەڵکەی کە کەسوکاریان لە درێژەی نارەزایەتییەکاندا بەدەستی هێزەکانی سەرکوتکەری ڕێژیم کوژراون، خەریکی چەواشەکردنی ناڕەزایەتییەکانە و بە بەکارهێنانی چەمکی "لیدەری سەرەکی" خەریکی سەرکوتی خەڵک و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی دانپێدادانی زۆرەملێیە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە خووزستان بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی ناڕازییان لەژێر ناوی "لیدەر و بکەرە تێرۆریستەکان" بڵاو کردەوە و پێشتریش فەرماندەیی هێزی ئینتزامی پارێزگای گیلان باسی لە دەسبەسەکردنی هەزار و ٥٠٠ کەی لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا کردبوو.

ئیتلاعاتی سپای خووزستان لە بەیاننامەکەیدا دەسبەسەرکراوانی بە کوشتن و وێرانکردنی "شوێنە پیرۆزەکان" وەک ئیمامزادە و حوسێنییە و مزگەوتەکان و هەروەها لەناوبردنی مڵک و ماڵی گشتی تۆمەتبار کردووە. تۆمەتەکانی دیکە کە لە بەیاننامەکەدا هاتووە بریتین لە "تێکدانی نەزمی گشتی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ".

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە کاتی وەک ئێستادا ڕێژیم لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە، هەوڵی تێکدانی شوێنە گشتییەکان دەدات تاکوو بیانوو بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک بدۆزێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، حاڵەتی دەسبەسەرکرانەکان لە خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامدا قەتیس نەبووەتەوە و هێزەکانی ڕێژیم ژمارەیەکی زۆر لە کادری دەرمان و چالاکانیشیان دەسبەسەر کردوون، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئامارێکی ورد سەبارەت بە ڕێژەی دەسبەسەرکراوان لەبەر دەستدا نییە.