کاردانەوەکان بەرامبەر بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران و کوشتنی هاووڵاتییان بەردەوامە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای وڵامدانەوەی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکەن.
دوای زیاتر لە حەفتەیەک لە داخستنی ئینتێرنێت لە ئێران و پچڕانی پەیوەندییە تلفۆنییەکان، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو ڕێوشوێنانەیان بە پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ئازادیی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری زانی و ڕێژیمی ئێرانییان بە پێشێلکەری گەورەی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کرد.
ڕۆژی هەینی ١٦ی ڕێبەندان دیدەبانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە، هێزە حکوومەتییەکانی ڕێژیم لە ١٨ی بەفرانبارەوە، کوشتارێکی بەربڵاویان بەرامبەر ناڕازییان ئەنجام داوە. بە وتەی ئەو ڕێکخراوە، تا ئێستا هەزاران خۆپیشاندەر و تەنانەت ڕێبواریش کوژراون، بەڵام سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان و داخستنی ئینتێرنێت ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم کارەساتە دەشارێتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە هاواهەنگی و ڕێکخراوەیی بووە و زۆرێک لە قوربانییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر و سینگیان کوژراون یان بریندار بوون، دیدەبانی مافی مرۆڤ جەختی لە بەکارهێنانی بەربڵاو و نایاسایی چەکی ئاگرین لە دژی خۆپیشاندەرانی بێ چەک کردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە حکوومەت بەئەنقەست و سیستماتیک توندوتیژی کوشندەی بەکار هێناوە.
ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت کە ڤیدیۆی سەدان تەرمی کەڵەکەبوو لە دەوروبەری پزیشکی دادوەریی کەهریزەک بڵاو کراوەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەنیا لەو شوێنەدا لانیکەم ٤٠٠ تەرم هەیە و بێگومان ئەم ژمارەیەش بە کەمتر لە ڕاستییەکە دادەنرێت.
دیدەبانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە وێنەی ئەو خێزانانەی لەنێو سەدان کیسەی ڕەشدا بەدوای تەرمی ئازیزەکانیاندا دەگەڕێن، پێویستە ویژدانی جیهان بهەژێنێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت هەنگاوێکی خێرا بگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.
ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت کە ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵان و کەسوکاری قوربانییەکان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کارمەندانی پزیشکی و هەروەها پشکنینی دەیان وێنە و ڤیدیۆ بووە.