ڕۆژی شەممە، ٢٧ بەفرانباری ١٤٠٤، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دوکتور گوڵموراد مورادی، کەسایەتیی بیرمەند، نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و لە کەسایەتییە کاریگەرە فەرهەنگی و مافە مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆستی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و هەروەها کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هایدلێبرگی ئاڵمان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، سەرەخۆشیی لە نەتەوەی کورد و کۆمەڵگەی یارسان کرا و دواتر لەلایەن خێزانی دوکتور گوڵمورادەوە، بە زمانی ئاڵمانی و بە بنزاری کەڵهوڕیش ژیاننامەی ناوبراو خوێندرایەوە.
دواتر تەرمی دوکتور گوڵموراد، بە تەموورە و لاواندنەوەی تایبەتی ناوچەکانی خوارووی کوردستان ئەسپەردەی خاک کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، مامۆستا قادر ئەلیاسی، هونەرمەندی دیاری ناوچەی داڵاهوو لەسەر وەسیەتی دوکتور گوڵموراد، گۆرانی "بەو بچین بچین بەو بچینەوە، داڵاهوو خوەشە سەر بیەینەوە" پێشکەش کرا و دواتر بەپێی دابونەریتی یارسان لەلایەن سەیدی ناوچەکەوە نان بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا، پەیامی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکرات، لەلایەن دوکتور جەزا ساڵحییەوە خوێندرایەوە و لە بەشێکی ئەو پەیامەدا باسێکی تێروتەسەل لە هەوڵ و تێکۆشانی ناوبراو لە بواری نووسین و پێشکەشکردنی وتار بەتایبەت لە سەر نووسینی تێزی دوکتوراکەی کە لەسەر کۆماری کوردستان بوو، ئاراستەی بەشداربووان کرا و پاشان پەیامی سەرەخۆشیی کۆمیتەی ئۆتریشی حیزبی دێموکراتیش پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی یارسان کرا.
شایانی باسە، لەلایەن کۆمیتەی ئۆتریشەوە، ژیاننامەی دوکتور گوڵموراد مورادی، بە زمانی فارسی وەرگێڕدرایە سەر هەر دوو شێوەزاری سۆرانی و گۆرانی و پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە کرا.