کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: لانیکەم ٥ هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکانی دوایی ئێران کوژراون

11:37 - 29 بەفرانبار 2725

هەواڵگریی "ڕۆیتێرز"، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا و لە زاری بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران، کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاند: کە لانیکەم ٥ هەزار کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دوایی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، لە ڕەوتی ئەو خۆپێشاندانانە، نزیکەی ٥٠٠ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش کوژراون.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، دانی بەوە داناوە کە زیاترین ڕێژەی سەرکوت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە و جارێکی دیکە بیانووی ئەو سەرکوتە دڕەندانەی خۆیان لە ڕۆژهەڵات، بۆ بوونی حیزبە کوردییەکان گەڕاندووەتەوە.

ئەم بەرپرسە هەروەها گوتوویەتی، کە چاوەڕوان ناکرێت ژمارەی قوربانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بێت، هەرچەندە ئەو هەڵسەنگاندنە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە، کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێژە و ژمارەی جیاوازتری قوربانییان بڵاو دەکەنەوە.

ئەو وتانە لە حاڵێکدان، کە ڕۆژنامەی بریتانیایی "ساندی تایمز" بە پشتبەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکان، ڕایگەیاندووە، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، بە لانی کەمەوە ١٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی کوژراون و نزیکەی ٣٣٠ هەزار کەس بریندار بوونە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هێرانا"، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ٢٤ هەزار حاڵەتی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان پشتڕاست کراونەتەوە.