لە کاتێکدا بۆ سێزدەهەمین ڕۆژە ئینتێرنێت لە ئێران بە شێوەیەکی تەواو بڕاوە و پەیوەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ جیهانی دەرەوە داخراوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر کاتی گەڕاندنەوەی ئینتێرنێت وتاری دژبەیەک و ناڕوون پێشکەش دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، هەزاران خۆپیشاندەری ناڕازی لە شەقامەکانی زیاتر لە سەدان شار بە هۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراون و پچڕانی ئینتێرنێت بە تەواوی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری و وێنەکانی سەرکوتکردنەکانە.
ئەحمەد نیروومەند، سەرۆکی کۆمسیۆنی گۆڕانی دیجیتاڵی لە ڕێکخراوی سێنفیی کامپیوتەری ڕایگەیاندووە کە پلاتفۆرمە دەرەکییەکان لە ئێستادا ناکرێنەوە و هەروەها وتی کە لەبەر بارودۆخی ئێستا، کاتێکی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەی پلاتفۆرمە دەرەکییەکان نییە.
ئەم وتانە لەکاتێکدان کە پێشووتر جێگری زانستیی سەرۆککۆماری ڕێژیم وتبووی "ئینتێرنێت تا کۆتایی حەفتە دەگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی".
دژبەیەکبوونی ئەم دوو هەڵوێستە، گومانی لەسەر پلانی "ئینتێرنێتی چینایەتی" دروست کردووە کە بە وتەی شارەزایانی ئەمنییەتی دیجیتاڵ، ئینتێرنێتی ئازاد تەنیا بۆ کەسان و گرووپە نزیکەکانی دەسەڵات دابین دەکات.
لەو کاتەوەی ئینتێرنێت بڕدراوە، دامەزراوی چاودێری "نێت بلاکس" هەموو ڕۆژێک بەردەوامیی ئەم پچڕانە پشتڕاست دەکاتەوە و ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە پچڕاندنی ئینتێرنێت بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی گۆڕەپانی زانیاری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.