کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کرماشانی پاش ١٠ ڕۆژ

11:26 - 30 بەفرانبار 2725

بە تێپەربوونی ١٠ ڕۆژ لە گرتنی سەرەڕۆیانەی سینا نەزەری هاووڵاتیی یارسان و بلاگێری دانیشتووی کەرەج لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لەم شارە گیراوە و تا ئێستاش لە شوێنی گرتنی زانیارییەک لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی زانیارییەکان، سینا نەزەری خەڵکی گوندی سەفەرشا سەر بە شاری گەهوارەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەرەج، ڕۆژی ٢٠ بەفرانباری ١٤٠٤ لە خۆپیشاندانەکانی کەرەج لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستاش لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها ئەم بلاگێرە لاوە دوای تێپەربوونی ١٠ ڕۆژ لە گرتنی لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری کراوە.

جێی باسە کە دوای دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران شەپۆلێکی نوێ لە گرتنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان دەستی پێ کردووە.