بڵاڤۆکی بریتانیایی ئێکۆنۆمیست لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئارامییە ڕواڵەتییەکانی ڕێژیمی تاران کردووە و نووسیویەتی: "ڕاپۆرتەکان دەرخەری ئەوەن کە پێکهاتەی هێز لە نێوخۆی ڕێژیم لەوپەڕی لەرزۆکی جیددیی خۆیدایە".
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار بڵاڤۆکی ئێکۆنۆمیستی بریتانیایی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمەوە ئاماژەی بەوە داوە کە بەرپرسانی ڕێژیم ترسی جیددییان لێ نیشتووە و وتوویانە: "لە ئێستادا دۆخی ئێران لە دۆخی سوور تێپەڕیوە و ئەم دۆخە چیتر ناتوانێت لەوە زیاتر بەردەوام بێت".
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو بڵاڤۆکە، ترسی بەرپرسانی ڕێژیم و بێ متمانەیی لەنێو بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە ئاستێکدایە کە هیچ جموجۆڵ و هەوڵدان بۆ گۆڕانکارییەکی بچووک بەبێ هاواهەنگیی هێزە ئەمنییەتییەکان جێبەجێ نابێت و تەنانەت متمانە بەو هێزە ئەمنییەتییانەی ڕێژیمیش لە نزمترین ئاستی خۆیدایە.
زانیارییەکانی ئێکۆنۆمیست نیشانی دەدات کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وەک ئەرتەش و سپای پاسداران پێکهاتەی سەربازیی و ڕێکخستنیان هەتا ئاستی هەڵوەشانەوە تێک چووە.
هەروەها ئەو بڵاڤۆکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی: "سپای پاسدارانی ڕێژیم کە لە کۆمەڵێک ناوەندی ئایینی، ئابووری و سەربازی پێک هاتووە، پێکهاتەی سەربازییەکەی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەوە لەگەڵ ئیسرائیل بە شێوەی جیددی زیانی پێ گەیشتووە".
زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە وازهێنان لەنێو هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە.