کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنە لە کۆبوونەوەی داڤۆس بەهۆی بانگهێشتی عەباس عێراقچی

16:09 - 30 بەفرانبار 2725

بانگهێشتی عەباس عێراقچی، لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە کۆبوونەوەی داڤۆس، لەگەڵ شەپۆلێک ناڕەزایەتیی سیاسی و مافی مرۆڤی بەرەوڕوو بووەتەوە.

لێندزی گراهام، سێناتۆری دەستڕۆشتووی کۆماریخوازی ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە توندی ڕەخنەی لەم بانگهێشتە گرتووە و لە پۆستێکدا بۆ ڕێکخەرانی کۆبوونەوەی داڤۆس، نوسیوویەتی: "بەڕاستی چ بیرێک دەکەنەوە؟ ناتوانم پەیامێكی خراپتر بە خەیاڵمدا بێت کە بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران بنێردرێت".

دانیشتنی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی "داڤۆس"، لە ڕۆژی دوشەممە ١٩ تاکوو هەینی ٢٣ی ژانویە بەڕێوە دەچێت،. پێشتر فاکس نیووز ئاماژەی پی دابوو، کە ڕێکخەرانی ئەم دانیشتنە، سەرەڕای کوشتنی بەربڵاو و سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندەران لە ئێران، بۆ بەشدارییکردن لەم دانیشتنانەدا عەباس عێراقچییان بانگهێشت کردووە .

هەروەها گرووپی گوشاری هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی (UANI)، بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ بەڕێوبەریی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم بانگهێشتە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بووە. ئەم گرووپە ڕایگەیاندووە، نەک تەنیا وڵامی ئەم نامەیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو ڕێکخەرانی داڤۆس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ عەباس عێراقچییان بە بەرنامەی فەرمیی ئەم دانیشتنانە زیاد کردووە.

ڕەخنەگران ڕایان وایە، بانگهێشتکردنی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە بارودۆخێکدا کە سەرکوت، سێدارە و پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوامە، وەکوو ئاساییکردنەوەی حکوومەتێکی سەرکوتکەر و ناردنی پەیامی نەرێنی بۆ خوپیشاندەر و قوربانیانی توندوتیژیی دەوڵەتییە.