کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان زیاتر لە ژمارە ڕاگەیەندراوەکانە

16:37 - 30 بەفرانبار 2725

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" ئاگاداری دا کە ژمارەی خۆپێشاندەرانی کوژراو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، لەوانەیە تەنانەت لە زۆرترین هەڵسەنگاندنە میدیاییەکانیش زیاتر بێت.

مەحموود ئەمیری‌موقەدەم لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەڵسەنگاندنە لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان لە شایەتحاڵان، بنەماڵەکان، هاووڵاتییانی دیکە و هەروەها بەڵگەکانی بەردەست پێکهاتووە.

بە وتەی ناوبراو، ڕێژەی کوشتنەکان زۆر گەورەترە لەو ژمارانەی تا ئێستا لەلایەن میدیاکانەوە بڵاو کراونەتەوە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە "کۆماری ئیسلامی بە بێ گومان یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی خۆپێشاندەرانی لە سەردەمی ئێستادا ئەنجام داوە و هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کوشتارە بە شێوەیەکی پلاندانراو و بە هاوکاریی تەواوی هێزە سەرکوتکەرەکان ئەنجام دراوە".

ئەمیری‌موقەدەم زیادی کرد کە ئەم تاوانانە لەسەر بنەمای فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بە هاوکاریی هێزەکانی سەرکوت و بەتایبەتی سپای پاسداران ئەنجام دراون.

ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە پێڕاگەیشتن لەم تاوانانە لە ڕێگەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت و سپای پاسداران بخرێتە ناو لیستی تێرۆریستیی نێودەوڵەتییەوە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ هەروەها ئاگاداری داوە کە جیهان پێویستە هەڕەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەرچوون و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ خۆپێشاندەران زۆر بە جیددی وەربگرێت و پێش لە ئەنجامی کوشتارێکی دیکە، ئەمجارە لە ناو زیندانەکاندا بگرن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە کۆتا ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا، بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، کوژرانی لانیکەم ٣ هزار و ٤٢٨ خۆپێشاندەری پشتڕاست کردووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم ژمارەیە هێشتا و بە تایبەتی لە بارودۆخی بڕینی ئینتێرنێت و دەستپێڕانەگەیشتن بە زانیارییەکان لە ناو ئێراندا دەست کەوتوون.