کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ساڵانەی داڤوس ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا

17:13 - 30 بەفرانبار 2725

کۆڕی جیهانیی ئابووری کە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لە داڤوسی سویس بەڕێوە دەبات، لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا ڕێگەی بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم نەدا کە لەو کۆبوونەوەی گرنگە جیهانییەدا بەشداری بکات.

کۆڕی جیهانیی ئابووری ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانبار بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی داڤوسدا بەشدار نابێت".

لە درێژەی بەیاننامەی ئەو کۆڕەدا هاتووە کە "ئەگەرچی لە وەرزی پاییزی ساڵی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئێران بانگی ئەم کۆبوونەوەیە کراوە، بەڵام کوژرانی کەسانی مەدەنی لە ئێران لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا بەو واتایەیە کە بوونی نوێنەری دەوڵەتی ئێران لە کۆبوونەوەی داڤوسدا کارێکی دروست نییە".

کۆبوونەوەی کۆڕی جیهانیی ئابووری بڕیارە ڕۆژانی ٢٩ی بەفرانبار هەتا ٣ی ڕێبەندان لە داڤوسی سویس بەڕێوە بچێت.

هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناحکوومی چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێداوانێکی هەڕەشەئامێزدا ڕوو لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم وتی: "ئەگەر لە کۆبوونەوەی داڤوسدا بەشداری بکەی، سکاڵات لەسەر تۆمار دەکەم".

هیلل سی نۆیز بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناحکوومی چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بەهۆی تاوان دژی مرۆڤایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر خەڵکی ناڕازیدا، سکاڵا لە دژی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی تاران تۆمار دەکەین و داوامان لە بەرپرسانی سویس کردووە کە ناوبراو دەسبەسەر بکات".