کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر نابن

17:19 - 30 بەفرانبار 2725

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەشەمین پلینۆمی خۆیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەڕێوە چوو، بە سەرنجدان بە ڕووداوەکانی ئەو ماوەیەی سووریە و ڕۆژاوای کوردستان و تەشەنەسەندنی شەڕ و ناکۆکییەکان، ڕای وابوو، ئەوەی لەو ماوەیە لە شاری حەڵەب و شوێنەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بە دژی کورد لە ڕۆژاوا ڕوو دەدا لە درێژەی ئەو شەڕانەیە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا بەردەوام کراوەتە سەریان.

پلینۆمی حیزبی دێموکرات ئامانج لەم شەڕەی بە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕێژیمەکانی پێشوو زانی کە وڵامی هەر مافخوازییەکی کوردەکانی ئەم وڵاتەیان بە قەڵاچۆ و گۆڕینی دێموگرافی و پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە داوەتەوە.

پلینۆم پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر نابن و نەتەوەی کوردیش کە بە درێژایی مێژوو بۆ مافە ڕەواکانی خوێن دەدا و گیان دەبەخشێ، لە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی سارد نابێتەوە. بۆیە داننان بە یەکسانی و مافە ڕەواکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە و هەوڵدان بۆ چارەسەری ئەو ناکۆکییانە بە ڕێگەی وتووێژ، چارەسەری ڕاستەقینە ئەو دۆخەیە.

پلینۆمی حیزبی دێموکرات ڕای وابوو کە دەستپێشخەری لایەنە نێودەوڵەتییەکان و قورسایی ئەوان بەپێی بەرپرسایەتیی سیاسی و ئەخلاقییان دەتوانێ هاندەر و یارمەتیدەرێکی گرینگ بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە بێت.