کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی مێتا بۆ پاراستنی ئەمنییەتیی سایبێریی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ڕێوشوێنی تایبەتی گرتە بەر

17:20 - 30 بەفرانبار 2725

وتەبێژی شیرکەتی مێتا کە خاوەنی پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتساپە باسی لەوە کرد کە بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی لە نێوخۆی ئێران، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی دژی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی پشتڕاست کردوەتەوە.

وتەبێژی شیرکەتی مێتا لەوبارەوە ڕایگەیاند: "بە سەرنجدان بە هەڕەشە و توندوتیژییەکان دژی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەوانان لە ئێراندا، شیرکەتی مێتا ڕێوشوێنی تایبەتی بە پووچەڵکردنەوەی دەسپێڕاگەیشتن بە هەژماری تایبەتیی خەڵکی ئێرانی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".

  وتەبێژی ئەو شیرکەتە پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجی ئەو شیرکەتە، گەیاندنی هاواری خەڵکی ئێرانە.

لە بەشێکی دیکەدا ئەو بەرپرسەی شیرکەتی مێتا پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کاتێک گوێبیستی ڕەوتی دەسبەسەرکردن و بەندکرانی چالاکانی مافی مرۆیی بەهۆی چالاکییەکانیانەوە دەبین، هەنگاو بۆ ڕێگری لە دەسپێڕاگەیشتنی نایاسایی بە هەژماری تایبەتیی خەڵکی ئێران هەڵدەگرین.

بە گوێرەی زانیارییەکانی شیرکەتی مێتا هەتا ئێستا زۆر حاڵەتی هەڕەشەی ئەمنییەتی، جۆرەکانی دیکەی هەڕەشە، دەسبەسەرکردن و هێرشی سایبێریی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان تۆمار کراون.

هەر لەو پێوەندییەدا، مای ساتۆ ڕێژیمی تارانی بەوە تاوانبار کردووە کە هەڕەشەی کوشتن، هەوڵدان بۆ دزینی زانیارییە تاکەکەسییەکان، کەمپەینی بەدناوکردنی دژی جیابیران و هێرشی سایبێری لە دژبەرانی خۆی بەکار هێناوە.